هاوڵاتییەك لە شاری كەلار بڕێكی زۆر پارەی لێدزراوە و پۆلیس دەڵێت، “تا ئێستا هیچ كەس دەستگیر نەكراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن”.
ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی كانونی دووەم، عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هاوڵاتییەك 57 ملیۆن دینار لەناو ئۆتۆمبێلەكەی دزراوە، ئێمەش دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ دەستیگركردنی بكەرانی ئەو تاوانە”.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، “تەماشای كامێراكانی چاودێریی ئەو شوێنە كراوە كە دزییەكەی لێكراوە، كەسەكان لە كامێراكان دەركەوتوون بەڵام تا ئێستا ناسنامەكانیان ئاشكرا نەبوون و كەس دەستگیر نەكراوە”.
بەگوێرەی وتەكانی عەلی قەدوری، ئەو هاوڵاتییەی دزییەكەی لێكراوە سكاڵای تۆماركردووە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە گەرمیان ئاشكرایكرد، ئەو كەسەی دزییەكەی لێكراوە پاش ئەوەی پارەی جوتیاریی وەرگرتووە، چووەتە شارەوانیی كەلار و ئۆتۆمبێلەكەی لە بەردەم بینای شارەوانی ڕاگرتووە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆی دەركەوتووە جامی ئۆتۆمبێلەكەی شكێندراوە و پارەكەی لێدزراوە.