ئەنجامدەرانی تەقینەوە و هێرشەكانی گوڵاڵە، دەستگیركران.
هەواڵگریی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، “سێ لەوانەی لە چەند شەوی ڕابردوودا هێرشیانكردبووە سەر ناحیەی گوڵاڵە دەستگیركران.”
چەند شەوێك لەمەوبەر، ژمارەیەك چەكدار هێرشیانكردەسەر ناحیەی گوڵاڵە و دەستڕێژی گولەیان لە دانیشتووان و هێزە ئەمنییەكان كرد و وێستگەی كارەبای باكووری ناحیەكەیان تەقاندەوە، بەر لەوەش بە چەند هەفتەیەك، هێرشێكی تری چەكداری و تەقاندنەوەی بۆمب لە سنوورەكەدا ئەنجامدرابوون.
ئەمڕۆ هەینی 22ی كانونی دووەم، هەواڵگریی پارێزگای دیالە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و وتی، “هێزێكی هەواڵگری، ئۆپەراسیۆنێكیان لە دەوروبەری ناحیەی گوڵاڵە ئەنجامداوە و سێ لە ئەنجامدەرانی تەقینەوە و هێرشەكانیان دەستگیركردووە.”
ڕاگەیاندراوەكە دەڵێت، “ئەو سێ كەسە رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە تەقینەوە و هێرشەكانی ئەمدواییەی سەر گوڵاڵە كە بوونەهۆی شەهیدبوونی چەندین هاوڵاتی و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان.”
سێ كەسەكە لەكاتی دەستگیركردنیاندا، “سەدان پاسپۆرت و مۆری فسفۆریان پێبووە” وەك هەواڵگری دیالە ئاشكرایكردووە.