ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ژنانە

رۆژی 8ی ئازار بە رۆژی جیهانیی ژنان دیاریکراوە.

لەمڕۆژەدا لە سەرانسەری جیهان و لە هەرێمی کوردستانیش چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن و ژنانی سەرکەوتوو لە بوارەجۆراوجۆرەکاندا خەڵات و رێزلێنانیان پێدەبەخشرێت.

دروشمی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژی جیهانیی ژنان بریتییە لە، “ماف و یەکسانی و بەهێزکردن بۆ هەموو ژنان و کچان”.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ هەینی داوایکرد بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هەموو ژنان هەنگاوی زیاتر بنرێت.

لە وتارێکدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، وتی، “ئێمە یەکگرتوو و چەسپاوین لە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و گەشەپێدان و ئاشتی بۆ هەموو ژنان لە هەموو شوێنێک بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی”.

بەپێی راپۆرتی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، “دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر دانانی پلانی یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز لەلایەن سەرکردەکانی جیهانەوە، هێشتا مافەکانی ژنان و کچان لەژێر هەڕەشەدان، جیاکاریی رەگەزی لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا چەسپاوە، یەک لەسەر چواری حکومەتەکانی جیهان لە مافەکانی ژناندا پاشەکشەیان کردووە”.

لە هەمان راپۆرتدا هاتووە، “لە هەر 10 خولەکێکدا لە جیهاندا ژنێک بە دەستی هاوسەر یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژرێت، لە ساڵی 2022 وە حاڵەتەکانی توندوتیژی سێـ.ـکسی بە رێژەی 50% بەرزبوونەتەوە، تەنها 87 وڵاتی جیهان لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتیی دەکرێن”.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەش دەڵێت، “پێش ساڵی 1995 تەنها 12 وڵات سزای یاسایییان هەبوو بۆ توندوتیژیی خێزانی، ئەمڕۆ لە 193 وڵاتدا 1583 رێوشوێنی یاسایی جێبەجێکراون، کە 354یان رێوشوێنی تایبەت بە توندوتیژیی خێزانییان کردووەتە ئامانج”.

باس لە ئەوەشدەکات، “ئەمڕۆ 112 وڵات پلانی کارکردنی نیشتمانییان هەیە سەبارەت بە ژنان، ئاشتی و ئاسایش – ئەمەش زیادبوونی بەرچاوە لە چاو تەنها 19 وڵات لە ساڵی 2010دا”.

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ناکۆکییەکانی ڕوسیا و خۆرئاوا بۆشایی ئاسمانیشی گرتەوە.. ڕوسیا لە وێستگەی بۆشایی ئاسمان کشایەوە

لە هەنگاوێکدا بەرامبەر ئەو سزا توندانە بەسەر ڕوسیادا سەپێنراون لەلایەن خۆرئاواوە بەهۆی هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا، ڕوسیا بڕیاریدا لە…
Total
0
Share