ماوەی زیاتر لە هەفتەیە پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان، تووشی نەخۆشییەکی سەخت بووە و بەهۆیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی رۆما لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
میدیاکانی جیهان بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە پاپا فرانسیسی تەمەن 88 ساڵان، دوای تێكچوونی دۆخی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی گێمیلی لە رۆمای ئیتاڵیا گواستراوەتەوە.
لەدوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە رۆژانە ڤاتیکان زانیاریی لە دۆخی تەندروستیی ناوبراو بڵاودەکاتەوە.
زانیارییەکانی ڤاتیکان باسلەوەدەکەن، پاپا فرانسیس تووشی هەوکردنێکی قورسی سییەکانی بووە، بە جۆرێک بۆی هەیە سەربکێشێت بۆ لەکارکەوتنی سییەکانی، جگە لەوەش نیشانەکانی لەکارکەوتنی سەرەتایی گورچیلەکانی تێدادەرکەوتووە کە ئەمە دۆخی تەندروستیی تا رادەیەک سەخت کردووە.
لەگەڵ ئەمانەشدا ئاشکرایانکردووە، پاپا ورەی بەرزە و ئامادەیە چارەسەرییەکانی وەربگرێت.
گرنگیدان بە هەواڵی دۆخی تەندروستیی پاپای ڤاتیکان، تەنها گرنگیدان نییە بە کەسایەتییەکی ئاینی، بەڵكو گرنگیدانە بە کەسی یەکەمی پەیڕەوانی کاسۆلیکەکانی جیهان کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیار کەسە و کەسی یەکەمی ڤاتیکان وەک یەکێک لە بچوکترین و یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی جیهان، بەو پێیەش مردنی دەبێتە یەکێک لە رووداوە گەورەکان بۆ جیهان.
پاپا فرانسیس ناوی راستەقینەی جۆرج ماریۆیە، لە ساڵی 1936 لە بۆینس ئایرسی ئەرجەنتین لەدایکبووە، لە مانگی ئازاری ساڵی 2013 لە دوای مردنی پاپا بێنێدیکتی شازدەیەم وەک پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.
لە ئەگەری مردنی پاپا، لە ڤاتیکان کۆمەڵێک رێورەسمی ئاینی چڕ بەڕێوەدەچن، سەرەتا دوای ئەوەی پزیشکەکان هەواڵی مردنی رادەگەیەنن، کەسێک کە بە خزمەتکاری ژوور دەناسرێت، دەچێتە لای پاپا و بانگی دەکات هەڵبستێتەوە، دوای ئەوەی هیچ ئەنجامێکی نابێت ڤاتیکان بە رەسمی هەواڵی مردنەکە رادەگەیەنێت، هەر راستەوخۆ دوای ئەوە ئەو ئەڵقەیەی پاپا کە وەک مۆر و واژوو بەکاردێت دەشکێنرێت و نۆ رۆژ پرسەی رەسمی رادەگەیەندرێت.
دوای تەواوکردنی رێککارەکانی نەخۆشخانە، تەرمی پاپا دەگوێزرێتەوە بۆ کاتریاکی قەدیس بتروس و بۆ ماوەی چەند رۆژێک سەدان هاوڵاتیی کاسۆلیکی و سەرۆکی جیهان سەردانی دەکەن، پاشتر و دواتر و دوای چوار بۆ شەش رۆژ تەرمەکەی بەخاک دەسپێردرێت.
ساڵی رابردوو پاپا فرانسیس واژووی لەسەر رێوشوێنەکانی بەخاکسپاردنی خۆی کرد، ئاسانکاری لە هەندێک لە رێورەسمەکانی ئەو بۆنەیەدا کرد و بەشێکی دیکەشی زیادکرد.
بەپێی رێوشوێنەکان، ناوبراو لە کادریاکی سانتا ماریا ماگیۆر لە رۆما بەخاکدەسپێردرێت، تابوتەکەی لە زنک و تەختە دروستدەکرێت، دوای تەواوبوونی ئەو رێکارانە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکرێت.
لەدوای کۆتاییهاتنی رێورەسمی بەخاکسپاردنەکە کاردینالەکانی کاسۆلیک لە کەنیسەی سیستین لە ڤاتیکان کۆدەبنەوە و لە کەنیسەکە نایەنە دەرەوە هەتا کەسێک بۆ شوێنگرەوەی پاپا هەڵنەبژێرن تەنانەت ئەگەر چەند رۆژ و هەفتەیەکیشیان پێبچێت.
رۆژنامەی ئیندپێندتی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، لە ئەگەری خراپتربوونی دۆخی تەندروستیی پاپا دەکرێت پێش مردنی دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت و کەسێکی دیکە شوێنی بگرێتەوە.
ئاشکراشیکرد، ژمارەیەک لە کاردیناڵی کاسۆلیک ناویان وەک بەربژێری شوێنگرەوەی پاپا فرانسیس هاتووە، کە کاردینال بارۆلین، ئەمینداری نهێنی ڤاتیکان، پیتەر ئێردۆ کە پێشتر سەرۆکی کۆنگرەی قەشەکانی ئەوروپا، لویس ئەنتۆنیۆ تاگل کە بەرەگەز فلیپینییە، ماتیۆ زوبی سەرۆکی ئەنجومەنی قەشەکانی ئیتاڵیا لە دیارترینیانن.
ئەو کەسەی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان هەڵدەبژێردرێت، پێویستە لە 252 کاردیناڵ 138 یان لە دەنگدانێکی نهێنیدا دەنگ بدەن و لەو ژمارەیەش دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
لەو ماوەیەی کاردیناڵەکان لە کەنیسەی سیستین دەمێننەوە، رۆژانە دەنگدانەکان دووبارە دەکەنەوە تا بە مەبەستەکەیان دەگەن، بۆ هەر جارێکیش دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان وەرەقەی دەنگدانەکان دەسوتێنن و دوکەڵی رەش لە دوکەڵکێشی کەنیسەکە دەردەچێت، بەڵام دواجار کە بەربژێرەکە توانی دەنگی پێویست بهێنێت وەرەقەی دەنگدانەکە دەسووتێنرێت و دوکەڵێکی سپی لێوەدەردەچێت وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.