سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، كاری لەپێشینەمان چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەرە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئاندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، كاری لەپێشینەمان چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەرە و، دەبێت ئەم دۆخەی بەسەر هەرێمەكەماندا زاڵە كۆتایی پێبهێنرێت.
وتیشی، “پاراستن و بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵك و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەتر بۆیان بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێویستە كۆی هەوڵەكان لەو چوارچێوەیەدا بێت”.
لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان كرایەوە، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.