لە ریازی پایتەختی سعودیە کۆبوونەوەیەکی “گرنگ”لەبارەی رەوشی سوریا و ئایندەی وڵاتەکە لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد بەڕێوەدەچێت و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاواش بەشداریی تێدادەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و هەریەکە لە وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، تورکیا و ئیسپانیا، هاوکات بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆمسیاری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش لە یەکێتیی ئەوروپا، بە بەشداریی وەزیری دەرەوەی سوریا لە ریازی پایتەختی سعودیە کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە تەواوکاری کۆبوونەوەکەی عەقەبەی ئوردنە کە مانگی رابردوو لەبارەی رەوشی سوریاوە بەڕێوەچوو.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی سوریا دوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد، چەکداماڵینی گرووپەکان، خۆبەدوورگرتن لە شەڕی ناوخۆ و هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا تاووتوێ بکرێت.