دەسەڵاتدارانی تەندروستیی لۆس ئەنجلۆس هۆشدارییان بە دانیشتووان دا لە مەترسییە تەندروستییەکانی دوکەڵی ئاگرە گەورەکان کە بەشێکی زۆری ناوچەکانی لەناوبردووە.
ئاگرێکی بەرفراوان دووەم گەورەترین شاری ئەمریکای گرتووەتەوە و هەوری ژەهراوی لە هەوادا دروستدەکات، بەهۆی خێرایی باوە ئاگرەکە فراوانتردەبێت.
ئەنیش مەهاجان، لە تەندروستیی گشتیی لۆس ئەنجلۆس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “هەموومان مامەڵە لەگەڵ دوکەڵی ئەو ئاگرەدا دەکەین، کە تێکەڵەیەکە لە گەردیلە بچووکەکان و گاز و هەڵمی ئاو”.
وتیشی، “ئەوانە گەردیلەی بچووکن کە دەچنە ناو لووت و قوڕگەوە و دەبنە هۆی ئازاری قورگ و سەرئێشە، لەو شوێنانەی دوکەڵ دیارە یان بۆنی دوکەڵ هەیە، تەنانەت لەو شوێنانەی دوکەڵیش نییە کوالێتیی هەوا خراپە، بۆیە پێویستە تا دەتوانیت بەرکەوتنت بۆ دەرەوە سنووردار بکەیت”.
بە وتەی مەهاجان، کەسانی تەندروستیش دەبێ تا دەتوانن لە ژوورەوە بمێننەوە و سیستەمی پاککردنەوەی هەوا بەکاربهێنن، ئەو کەسانەی کە ناچارن لە دەرەوە کار بکەن دەمامک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە گەردیلە وردەکان پارێزراوبن.
لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە ژمارەیەک ئاگرکەوتنەوە ناوچە بەرفراوانەکانی لۆس ئەنجلۆسیان وێرانکردووە و ماڵ و شوێنی بازرگانی و ئۆتۆمبێل و رووەکەکانیان کردووە بە خۆڵەمێش، لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکاندا پلاستیک و ماددە کیمیاییەکان و سووتەمەنی و کەرەستەی بیناسازی سووتاون و گەردیلەی ژەهراوییان دەرکردووە بۆ هەوای ئەو ناوچە پڕ دانیشتووانە.