سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بەدواداچوونێکم کردووە و بۆم دەرکەوتووە، ئەو پارەیەی بەغداد بۆ مووچە لە ساڵی 2024دا ناردوویەتی لەگەڵ ئەو 900 ملیارەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت خستوومانەتە سەر مووچە بەشی 12 مووچەی دەکرد.
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی دارایی عێراق بە داتا رایگەیاندووە، 10 ترلیۆن و 901 ملیار و 200 ملیۆن دیناری ناردووە بۆ هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان دانی بەوەدا ناوە لە 2ی ئەم مانگەدا کە 10 ترلیۆن و 752 ملیار و 582 ملیۆن دینارمان بۆ هاتووە.
دەشڵێت، “جیاوازی دوو ژمارەکە 148 ملیار دینارە، کە دەکاتە 100 ملیۆن دۆلار و ئەوەش ژمارەیەکی گەورەیە و باس ناکرێت، خراوەتە لاوە.”
سەعدی پیرە باسی لەوەشکردووە، هەرێم دەڵێت 900 ملیار دینارمان خستووەتە سەر مووچە، ئەو ژمارەیەی عێراق ناردوویەتی لەگەڵ 900 ملیار دینارەکەی هەرێم مانگانە دەکاتە 976 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران کە بە زیادەوە بەشی مووچە دەکات.