حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسێک لە چین زیادیکردووە و روونکردنەوە لەبارەیەوە دەدرێت

سەردانیکردن و مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان زیادیکردووە و نیگەرانیی گشتی لەبارەیەوە درووست بووە، نەخۆشییەکە ناوی HMPV و بریتییە لە هەوکردن لە بەشی سەرەوەی هەناسەدان و هەندێک کات کاریگەریی لەسەر سیەکانیش دەبێت.

نەخۆشییەکە نیشانەکانی هاوشێوەی سەرمابوونە، نەخۆشییەکی نوێ نییە، بەڵام لە زستانی ئەمساڵدا حاڵەتەکانی لە سەرانسەری پارێزگاکانی باکووری چین زیادیکردووە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، بەهۆی ئەوەی پێش پێنج ساڵ، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینەوە سەریهەڵدا، و بووە پەتایەکی جیهانی، ئێستا بە سەرنجەوە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکەدا دەکرێت.

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی چین، رێوشوێنی نوێ جێبەجێ دەکەن بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانی هەوکردنی سییەکان کە سەرچاوەکەیان نادیارە.

ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، هەوکردنی هەناسەدان زیاتر لە وەرزی زستاندا دەگاتە لوتکە.

نەخۆشییەکە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2001 دەستنیشانکرا، ڤایرۆسێکی تاکە ریشاڵی RNAیە کە لە رێگەی هەناسەدانەوە یان بەرکەوتن لەگەڵ رووکارە پیسبووەکاندا بڵاودەبێتەوە. پێشتر تووشبووان لە وڵاتانی جۆربەجۆر دەستنیشانکراون، نەخۆشییەکە چارەسەر و ڤاکسینی نییە و کار لەسەر کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان دەکرێت.

جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دۆخەکەی وەک حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستیی جیهانی نەناساندووە، بەڵام بەرزبوونەوەی حاڵەتەکان وایکردووە دەسەڵاتداران سیستمی چاودێریکردن بەهێزتر بکەن.

هۆنگ کۆنگ چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە HMPVی تۆمارکردووە و وڵاتانی دراوسێی وەک کەمبۆدیا و تایوان چاودێری وردی دۆخەکە دەکەن، لەلایەکی دیکەوە سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکانی تایوان ڕایگەیاند، مەترسی زیاتری ڤایرۆسەکە بۆ منداڵان و بەساڵاچووان و کەسانی بەرگریی لاوازە، هاوکات، لە هیندستانی دراوسێ، بەرپرسان دەڵێن پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات چونکە HMPV “وەک هەر ڤایرۆسێکی تری هەناسەدانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتییان و گەشتیاران رایگەیاند، دڵنیاتان دەکەمەوە کە حکومەتی چین گرنگی بە تەندروستی هاوڵاتییانی چینی و ئەو بیانیانە دەدات کە دێنە وڵاتەکەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتکردن بۆ چین سەلامەتە.

بابەتی پێشتر

سۆران عومەر: هەرێم پارەی مووچەی مانگی 12 ی خەرجکردووە.

بابەتی دواتر

پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ کەشوهەوای شارەکانی هەرێم بڵاوکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share