پارێزگاری هەولێر: سبەینێ ڕێکاری نوێ دەردەکرێت و ژیان وەک ئەمڕۆ نابێت

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وەك ئاماژەیەك بۆ كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا، دەڵێت، سبەی ژیان وەك ئەمڕۆ نابێت، بەستنی ماسك دەكرێت بە ناچاری، قوتابخانەكانیش داناخرێن.

ئەو قسانەی پارێزگاری هەولێر لەمیانی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا هات، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی ئێستا سەبارەت بە ئەگەری قەدەغەی هاتوچۆ و ئەو ڕێکارانەی بڕیاریان لێدەدرێت لە کۆبوونەوەی سبەینێی لیژنەی باڵای کۆرۆنا، پارێزگاری هەولێر وتی، “سبەینێ لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا گوێ لە هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی و WHO دەگرین، دواتر ڕێنماییەکان بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە دادەنرێن”.

پارێزگاری هەولێر دووپاتیشیكردەوە، بەدڵنیاییەوە سبەینێ ڕێکاری نوێ دەردەکرێت و دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا، سبەینێ وەک ئەمڕۆ نابێت، کە سەرجەم لایەنەکانی ژیانی هاوڵاتییان ئاساییکراوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی دڵنیایی دا کە قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری ڕاناگەیەندرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ماسک دەکرێت بە ناچاری و ڕێوشوێنەکانی ڤاکسینکردنی هاوڵاتییان گۆڕانکاریی بەسەردادێت.

بەوتەی پارێزگاری هەولێر، “لەسەرەتاوە خەڵکێکی زۆر داوای ڤاکسینیان دەکرد، بەڵام ئێستا داواکاریی هاوڵاتییان بۆ ڤاکسین کەمبووەتەوە”.

لەبارەی ئەگەری داخستنی خوێندنگەکان و ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن، ئومێد خۆشناو وتی، “ئەگەری هەیە میکانیزمی پرۆسەی خوێندن گۆڕانکاریی تێدابکرێت، یان شێوازی خوێندن جۆرێک لە گۆڕانکاری بەخۆوە ببینێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک خوێندن ڕاناگیرێت”.

بڕیارە سبەینێ دووشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەسەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیاریش لەبارەی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەدرێت.

بابەتی پێشتر

حزبوڵای عێراق وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایش دەداتەوە.. باسی شمشێر و دەستبڕین دەكات

بابەتی دواتر

وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەر باشە<br> كۆرۆنا لەنێو منداڵانیشدا لە هەڵكشاندایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share