گۆڕانی کەشوهەوا، یەكێکە لەو بارودۆخە ژینگەییەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە کۆمەڵێک قۆناغی جیا جیا روویداوە و سەرتاسەریی جیهانی گرتووەتەوە، هەربۆیە هەڵمەتێکی ژینگەیی رادەگەیەندرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر جیهان و رێگریکردن لە گەشەسەندنی زیاتری.
ماڵپەڕی BBCیــی بەڕیتانی بڵاویکردووەتەوە، لەڕێگای چەند هەنگاوێکی سادەوە مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی ببێتە هۆکارێک بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی و گەرمبوونی زەوی و گۆڕانە ژینگەییەکان کە بەشێکن لە گۆڕانی کەشوهەوا، کە بریتین لەم هەنگاوانە.
یەکەم: تا دەتوانیت رووەک بخۆ
خواردنی خۆراکی رووەکی و کەمکردنەوەی گۆشت و جۆرەکانی، بە یارمەتیدەریكی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی گازی زیانبەخش دادەندرێت لە بەرگەهەوای زەویدا، بەپێێ ئەنجامی توێژینەوەیەکیش کە لە نێوان ژمارەیەک کەسی رووەکی و گۆشتخۆر ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی رووەکین بە رێژەی %25 کەمتر گازی ژەهراوییان دەرداوە، بەراورد بە ئەو کەسانەی گۆشتیان خواردووە.
دووەم: کەمتر فڕۆکە بەکاربهێنە
بەپێی توێژینەوەکان یەک لەسەر سێێ هۆکاری پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی ژینگە بۆ هۆکارەکانی گواستنەوە دەگەرێتەوە، لەنێویشیاندا (فڕۆکە) کە بەکارهێنانی فڕۆکە هەرچەندە ئاسانکارییەکی باشمان لە گەشتەکانماندا بۆ دەکات، بەڵام بەهۆی دەردانی گازی ژەهراوی زیانیش بە ژینگە دەگەیەنێت.
سێیەم: کەمتر جلوبەرگ بکڕە
پیشەسازی بەرهەمهێنانی جل و بەرگ بەڕێژەی %10 بەشدارە لە پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، چونکە لەهەر چرکەیەکدا هێندەی قەبارەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر جل و بەرگی فڕێدراو دەسووتێندرێت، کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.
چوارەم: جێگرەوەی گەرمکەرەوەکان بەکاربهێنە
ئەتوانیت بەشێوەیەکی کەمتر ئامێرەکانی تایبەت بە گەرمکردن وەک “سپلیت، هیتەر، مایکرۆ و هاوشێوەکانی بەکاربهێنیت، چونکە هۆکارن بۆ گەرمبوونی زەوی و بەرهەمهێنانی گازە زیانبەخشەکان، هەربۆیە دەتوانیت سوود لە ووزەی خۆر و تیشکەکەی وەربگریت بەتایبەت لە کاتی هاویندا.
پێنجەم: گرنگیدان بە سەوزایی
تا دەتوانیت هەوڵبدە گرنگیی بە سەوزایی و چاندنی درەخت و رووەک بدەیت، تەنانەت ئەگەر بە چەند ئینجانەیەکی دیاریکراویش بێت لە ماڵەکەتدا، چونکە پاریزگاری لە ژینگە و تەندروستی هەسارەی زەوی دەکەن و کاریگەری ئەرێنی دروستدەکەن.