راگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم روونكردنەوە لەسەر خەرجی و بڕی ئەو پارانە دەدات كە لەلایەن بەغدادەوە بۆ مووچە رەوانەكراون و وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی رابردووش ئاشكرادەكات.

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عێراق و بەدەرکردنی لەهەر کێشە و گرفتێکی تر، هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بوودجە بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی و رێکكەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی (2024)، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادەنییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.

هەروەك لە چەند خاڵێكدا روونكردنەوە لەبارەی پشكی مووچە و خەرجییەكان دەدات:

1- کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لە هەردوو بڕگەی (تعویضات الموضفین) و (الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة) بۆ ساڵی 2024 بریتیی بووە لە 11 ترلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن و 335 هەزار دینار، هەرچەندە پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی رابردوو نزیکەی 12 ترلیۆن دینار بووە و، هەوڵمانداوە لەڕێی (المناقلة)وە ئەو کورتهێنانە پڕبکەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنها 10 ترلیۆن و 752 ملیار و 582 ملیۆن و 558 هەزار و 489 دینار خەرجکراوە، بڕی 823 ملیار و 938 ملیۆن و 776 هەزار و 720 دینار لە تەرخانکراوی هەرێم بۆ مووچە ماوەتەوە و خەرج نەکراوە، حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی کێشەکانی خۆی و بەبیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات.

2- سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، هەندێک کەس و لایەن بە ناشارەزایی قسەی لەسەر دەکەن و کردوویانە بە کەرەستەی مزایەدە، لە مانگی ئایارەوە کە هەردوو بەڕێزان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێکەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ، دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە کە بڕەکەی 399 ملیار و 168 ملیۆن و 961 هەزار دینار بووە، تا ئەوکاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروستکرا و بە ناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕکرایەوە.

لە سەرەتای ساڵی 2024 تا مانگی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری نزیکەی 960 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخانکردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەی بەبیانوویەک بڕیویەتی.

ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەکاربردن بەکارهاتووە کە مانگانە زیاترە لە 160 ملیار دینار کە بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار، (بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و کارەبا و پاکردنەوە و ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەشدەکەن).

ئەوە جگە لە خەرجی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، کە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی یەک دیناری بۆ پرۆژەکان نەناردووە.

لە مانگی تەموزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە هەرێم جێبەجێ کراوە و دادگای فیدراڵی عێراق، حکومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بە دابینکردنی ئەو شایستەیەی لە هاوتاکردنی مووچەکانیان دروست بووە کە مانگانە نزیکەی 60 ملیار دینار تەمویلەکەی زیادیکردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق یەک دیناری بۆ خەرجنەکردون و بڕیاری دادگای فیدراڵیان جێبەجێ نەکردوووە، ئەو تەمویلە زیادەیە لە داهاتی ناوخۆ دابینکراوە، ئەوە سەرەڕای تەمویلی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دوای ئەوەی لە وانەبێژییەوە کران بە گرێبەست کە سەرجەمی مووچەکەیان لە داهاتی ناوخۆیە و مانگانە نزیکەی 20 ملیار دینارە.

3- بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10) وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای تەمویلکردنی بڕی 999 ملیار و 124 ملیۆن و 329 هەزار دینارمان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنها 760 ملیار و 262 ملیۆن دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیکەی 239 ملیار دینار کورتهێنانی هەبووە و لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە، بۆ مووچەی مانگی یانزە بەپێی راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها 631 ملیار و 335 ملیاری ناردووە، بۆ مووچەی مانگی دوانزە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنها 441 ملیار و 493 ملیۆن دینار داوە، واتە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنها یەک ترلیۆن و 833 ملیار و 90 ملیۆن دیناری ناردووە بەوەش نزیکەی یەك ترلیۆن و 167 ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەکە بڕیوە.

لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەردراوە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یانزە دەکرێت، وەک وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم سورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی دوانزە، کە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە دابینی بکات.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا وەک وەزارەتی دارایی سەرجەم تێبینی و کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچەمان چارەسەر کردووە و تیمە تەکنیکیەکانمان بەردەوام لەگەڵ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵ بوون تا هیچ بیانوویەک بەدەست حکومەتی فیدراڵەوە نەمێنیت بۆ نەناردن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

لە دواین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەت کە رۆژی 12/15 لە بەغداد بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیدا کە تەموویلی مانگی دوانزە و ئەو بڕەی بۆ مانگی یانزە پێویستە چارەسەر بکات.

لەگەڵ ئەوەی چەند تەرخانکراوێکمان لە پشکی هەرێم لە یاسای بودجە هەیە و بەپێی یاسا دەتوانین گواستنەوە (المناقلة)ی پێبکەین بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، بەڵام دوای چەندین بڕیار بۆ گواستنەوەی بڕی 430 ملیار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵ، بەڵام کێشەی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دروستکرا.

لەلایەکی ترەوە بوونی ماددەی (60) لە یاسای بودجەی عێراق دەسەڵات دەدات بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە ئەگەر تەرخانکراویشی نەمابێت، لەبەرئەوەی بابەتی مووچە گرنگ و تایبەتە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و قووتی خەڵکەوە هەیە.

بەپێی دوایین راپۆرتی تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولا کە ماوەی هەفتەیەک لە هەرێمی کوردستان بوون بەمەبەستی رێکخستنەوەی راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی (یەک تا یانزە) دەرکەوت سەرجەم راپۆرتەکان هاوتای ئەو راپۆرتانەن کە پێشتر مانگانە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان
2025/1/2

بابەتی پێشتر

دەربارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان روونكردنەوە دەدرێت

بابەتی دواتر

هەفتەی داهاتوو سودانی سەردانی تاران دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share