ئەمڕۆ هەینی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە نۆیەمین كۆنگرەیدا بە زۆرینەی دەنگ سەڵاحەدین بەهادینی بە ئەمینداری گشتیی حزبەكە هەڵبژاردەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستە دەكات.
ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی نۆیەم و هەڵبژاردنەوەی بەڕێزتان بە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندامانی كۆنگرە و هەموو ئەندامان و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەكەم و هیوادارین دەرئەنجامی بڕیار و پەسندكراوەكانی كۆنگرە ببێتە مایەی بەدەستهێنانی دەستكەوت و سەركەوتنی گەورەتر بۆ حزبەكەتان.
لەم قۆناغە ئاڵۆز و هەستیارەی ناوچەكەدا وڵاتەكەمان پێویستیی بە لێكتێگەیشتن و هاوهەڵوێستی زیاترە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ ئەوەی بە كۆدەنگی و بڕیاری ژیرانەوە دەرفەتەكان بقۆزینەوە و مەترسییەكانیش بڕەوێنینەوە، هەر بۆیە چاوەڕێین یەكگرتووی ئیسلامی لە دوای كۆنگرە رۆڵی گەورەتر و كاریگەرتر ببینێت لە قوڵكردنەوەی گیانی ئاشتەوایی و تەبایی و یەكڕیزی لەناو هەرێمی كوردستان و لەم پێناوەشدا ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكین.