وەفدێکی دیکەی هەرێم دەچێتەوە بەغداد

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، وەفدێکی وەزارەتی دارایی هەرێم تایبەت بە مووچە و پرسە داراییەكان سەردانی بەغداد بکات.

رۆژی 15ی ئەم مانگە، بۆ چارەسەری گرفتەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەفدێکی هەرێم چووە بەغداد، دواتریش رۆژی 17ی ئەم مانگە تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کرد و دواتریش لەگەڵ تیمی وەزارەتی دارایی هەرێم دەستبەكاربوو بەمەبەستی چارەسەركردنی وردەكارییەكانی پەیوەست بە تەرازووی پێداچوونەوە “میزان المراجعه”.

سەبارەت بە سەردانی وەفدەكەی هەرێم، دوێنێ رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، رایگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی هەرێم و تیمی تەکنیکیی وەزارەت ئەمڕۆ دەچنە بەغداد بۆ بەدواداچوونی کارەکان و وتی، “بە هەوڵی هەمووان بەرەو ئەوە دەڕۆین کێشە هونەرییەکانی مووچە کۆتاییان پێبێت”.

لەگەڵ ئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵ نزیكدەبینەوە، هێشتا مووچەی مانگی تشرینی یەکەم بەتەواوی دابەشنەکراوە و چارەنووسی مووچەی دوو مانگی کۆتایی ساڵ نادیارە، وەک چۆن مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم تاوەکو ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر خۆبەخشانی تەندروستی گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن

بابەتی دواتر

پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ کەشوهەوای شارەکانی هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share