میدیای رەسمیی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، “میدیای سەر بە پاراستنی پارتی هەموو ئاكار و رەوشتێكی میدیایی بەزاندووە و رۆژانە لەرێگای كەسێكی قەڵەم فرۆشی بێ ویژدانەوە كۆمەڵێك تۆمەت و تەشهیر و چەواشەكاریی دەخاتە پاڵ یەكێتی و شاری سلێمانی و هەر كەلەشاشەی ئەو كەناڵە دەردەكەوێت لە تاوانبارێك دەچێت نەك بێژەری هەواڵ”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، گوشارێكی زۆر لەخۆی دەكات تابتوانێت درۆكانی خۆی بهۆنێتەوە و لەتازەترین چەواشەكاریدا، وەك هەمیشە ئەو قەڵەم فرۆشە وەكو چون قەڵەرەشێك چاوەكانی خۆی زەق دەكات بۆ دزیكردنێك، ئەمیش هاوشێوەی ئەو قەلە رەشەچاوەكانی زەق دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی چەواشەكارانە و لەتازەترین هەواڵی چاواشەكارانەدا رایگەیاند گوایە برایەكی بەشار ئەسەد هاتبێتە شاری سلێمانی، هەرچەندە هەر زوو ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند كە هەواڵە چەواشەكارییە دوورە لەراستییەوە، بەڵام ئێمەش وەكو گەلی كوردستان بە قەڵەم فرۆشەكانی ئەو كەناڵە دەڵێین شەكرتان شكاند”.
دەشڵێت، “ئێوە شەرم لەخۆتان ناكەن بەو هاتوو هاوارەوە باس لە ئاوارەبوونی 250 هەزار هاوڵاتیی كوردی رۆژئاوا دەكەن و دڵتان بەئاوارەبوونی خەڵكی رۆژئاوا خۆشبێت؟.. ئێوە ئەگەر بچووكترین هەستی نەتەوایەتیتان هەبێت دڵتان بەشەهیدبوونی هاوڵاتییانی كورد و دۆخی منبج خۆش نابێت ئێوە ناتوانن بەم چەواشەكاریانە راستییەكان لەخەڵكی كوردستان بشارنەوە و ئەوە ئێمە نین، بەڵكو بەرپرسەكانی حزبی بەعس و خۆدی كاكەمین نەجاری سەركردەی پارتین دەڵێن بەرپرسە باڵاكانی رژێمی دیكتاتۆری لە هەولێرن و تازەترین لێدوانی زاوایەكی سەدام حسێن بوو كە دەڵێت سەردانی مەسرور بارزانی لە هەولێر كردووە.