باڵیۆزخانەی سوریا لە بەغداد ئاڵای نوێی وڵاتەکەی هەڵکرد.
بەپێی ئەو وێنەیەی لە میدیا عەرەبییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، باڵیۆزخانەی سوریا لە بەغدادی پایتەختی عێراق، ئاڵا نوێیەکەی سوریای هەڵکردووە.
دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی سوریا پێشڕەویان کرد و دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە کۆتایی هات و سوپای وڵاتەکەی بەجێهێشت، ئاڵای سوریا لەلایەن گروپەکانەوە گۆڕدرا.
ئاڵای پێشوو بەجۆرێک بوو کە بەشی سەرەوەی رەنگی سوور بوو، ناوەڕاست سپی و دوو ئەستێرەی بە رەنگی سەوز تێدابوو، بەشی خوارەوەی ئاڵاکە رەنگی رەش بوو.
ئاڵای نوێ بەجۆرێکە بەشی سەرەوەی رەنگی سەوزە، ناوەڕاست سپییە و سێ ئەستێرەی بە رەنگی سوور تێدایە، بەشی خوارەوەش رەنگی رەشە.