نزیكەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا تێپەڕبووە و هێشتا بەشێك لە ئەندامانی هەڵبژێردراو پابەندی كارەكان نین و ئەندامێكی ئەنجومەنەكەش دەڵێت، كاریگەری لەسەر كاروبارەكانیان هەبووە.
عەبدوڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو ئەندامانەی تائێستا پەیوەستی كۆبوونەوە و كارەكانی ئەنجومەن نەبوون چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی ئەو سكاڵایەن كە لە دادگای كارگێڕی لەسەر كۆبوونەوەكەی هۆتێل رەشیدی بەغداد تۆماركراوە.
وتیشی، “پێشتر وەك ئەنجومەن بە نووسراوی رەسمی داوامان كرد گفتوگۆ بكەین، بەڵام ئەوان دەڵێن چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن”.
بڕیاربوو 4ی ئەم مانگە دادگای كارگێڕی لە بەغداد دوا بڕیار لەبارەی ئەو سكاڵایەوە بدات كە لەسەر دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا تۆماركرابوو، بەڵام بۆ 24ی مانگی دواخست.
عەبدوڵا میروەیس باسی لەوەشكرد، دۆخی كەركوك هەستیارە و بەلامانەوە گرنگە نەبێتە جێی ململانێی نێوان ئەندامانی ئەنجومەن.
“بڕیارمانداوە حكومەتێك بین كە برایەتی بپارێزین و خزمەتگوزار بین و، ئێمە بەردەوام رەچاوی ئەو لایەنە دەكەین، رەنگە ئەوانیش ئیستغلالی ئەو هەڵوێستەیان كردبێت، لەكاتێكدا ئێمە هەر بڕیارێكمان بووێت دەتوانین تێیپەڕێنین، چونكە 9 ئەندامین”، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وای وت.
ئاماژەشیدا، بڕوامان وایە كەركوك تەحەمولی ئەو هەموو ململانێیە ناكات، چ لە نێوان كورد خۆی، چ لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەش، بڕوامان بەوەیە و هیوادارین ئەوانیش لەگەڵ ئێمە بن بۆ برەودان بە پرۆژەكان و بەشداربوون لە خزمەتگوزاری و لیژنەكان، چونكە ئەو دۆخە كاریگەریی نەرێنی لەسەریان دروستكردووە.
بەدووریشیزانی بڕیاری دادگا لە بەرژەوەندیی لایەنەكانی بەرامبەر بێت، چونكە تائێستا سكاڵاكانی دیكەش سەرجەمیان بەڵگەی بەهێزیان نەبووە و رەتكراونەتەوە، بۆیە ئەمەی لای دادگای كارگێرێش هەر وا دەبێت، بەپێی پێشبینیی ئەو ئەندامەی ئەنجومەن.
رۆژی 10ی ئابی 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا کە لە بەغداد بەڕێوەچوو، رێبوار تەها بە پارێزگاری نوێی کەرکوک و محەمەد حافز بە سەرۆكی ئەنجومەن دیاریکران و دواتریش ئەنجومەنەكە كار و كۆبوونەوەكانی دەستپێكرد.