بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لە دواینیوەڕۆ لە ئەنجامى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریای سوور كە روو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەکات لە کاتەکانى ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەرى ئەم ناسەقامگیرییە لەسەر سنوورى پارێزگای سلێمانى و بەشێک لە پارێزگاى هەولێر و کەرکوک و بەشێک لە ئیدارەى گەرمیان دەبێت، شێوازی دابارین نمەباران و بارانى مام ناوەند، هەندێک کات هەورە تریشقەش دەبێت.
بەفربارین ناوچە سنوورییەکان و بەشێک لە لووتکەى شاخە بەرزەکان دەگرێتەوە، کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی ئیدارەى راپەرین و سنوورى شارۆچکەى کۆیە و دوکان زیاتردەبێت، لە درەنگانى شەودا کاریگەریى شەپۆلەكە لاواز دەبێت، وەك ئەوەی لە پێشبینییەكاندا هاتووە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە-ش کەشناسیی باسیلەوەکردووە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، ئەگەرى نمەبارانێکى کەم لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، لە دواینیوەڕۆ ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵەهەور دەگۆڕێت.