پارێزەرانی کەیسی رۆژنامەنووس و چالاکوانی دەستگیرکراو شێروان شێروانی زانیاریی نوێ لەبارەی کەیسەکەی دەخەنەڕوو.
محەمەد عەبدوڵا، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی شێروان شێروانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایانگەیاند، ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان مۆڵەت بە شێروان شێروانی نادەن سەردانی ماڵەوە بکات بەبێ ئەوەی هیچ بیانیوویەکی یاساییان هەبێت، لەکاتێکدا ئەوە دژی بەندی یەکەمی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە کە دەڵێت هەموو کەسێک لە مافدا یەکسانە.
وتیشی، “بەپێی یاسا رۆژنامەنووس شێروان شێروانی مافی هەیە هەر سێ مانگ جارێک حەوت رۆژ سەردانی ماڵەوە بکات”.
باسی لەوەشکرد، رۆژنامەنووس شێروان شێروانی دوای تەواوکردنی سێ ساڵی حوکمی یەکەمی بە ماددەی یەک لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان بە تۆمەتی بێ بنەما دوو ساڵی دیکە بە ماددەی 295 حوکمدرایەوە.
محەمەد عەبدوڵا، ئەوەشی خستەڕوو، سێیەمین دۆسیە کە لە دژی شێروان شێروانی کراوەتەوە گوایە لەناو زیندان هەڕەشەی لە ئەفسەرێک کردووە لە ساڵی 2022 کراوەتەوە و تاوەکو ساڵێک لێکۆڵینەوەی تێداکرا، بەڵام زیاتر لە 10 مانگە ونبووە.
ئاماژەشیدا، لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر سکاڵامان دژی ونبوونی ئەو دۆسییەیە تۆمارکردووە.