رۆژی 4ی کانوونی یەکەم بە رۆژی جیهانیی بانک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە.
ئامانج لە دیاریکردنی ئەم رۆژە وەک رێزلێنانێکە بۆ ئەو توانا گەورەیەی کە بانکە گەشەپێدانە فرەلایەنەکان و بانکە نێودەوڵەتییەکان هەیانە لە دابینکردنی دارایی گەشەپێدانی بەردەوام، هەروەها داننان بەوەی کە سیستەمی بانکی لە وڵاتاندا رۆڵێکی گرنگ لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان دەگێڕێت.
ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک پلانی جیهانیی گشتگیر و دوور مەودای پەیوەست بە گەشەپێدانی بەردەوامی پەسەندکردووە کە تیشک دەخەنە سەر خەڵک و دەبنە هۆی گۆڕانکاری، پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ کارکردنی ماندوو نەناسانە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی پلانەکان تاوەکو ساڵی 2030.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، جێبەجێکردنی پلانەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەژاری بەتایبەت هەژاریی لەڕادەبەدەر کە گەورەترین تەحەدایە رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە و مەرجێکی حەتمییە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام لە هەر سێ رەهەندی ئابوری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بە شێوەیەکی هاوسەنگ و یەکگرتوو.
دەشڵێت، گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام، بەتایبەتی بنبڕکردنی هەژاری و کەمکردنەوەی نایەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پێویستی بە دیدگایەکی درێژخایەن هەیە، کە تێیدا حکومەتەکان و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە کاردەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان.