وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی داتا و زانیارییەکانی سەرجەم خێزانەکان وەردەگیرێت لە سەرجەم پارێزگاکان، سەرژمێریی دانیشتووان بەردەوام دەبێت.
وەزارەتەکە لە رایەگەیەندراوێکیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، سەرژمێری تاوەکو تۆمارکردنی خێزانەکان لە سەرجەم پارێزگاکان تەواو دەبێت، بەردەوام دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێستا عێراق لە قۆناغی دووەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندایە و سەرۆک خێزانەکان و ژمارەی ئەندامانی خێزانەکان تۆماردەکرێن.
قۆناغی یەکەم کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بوو، قۆناغی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان بوو، کۆتایی هات.
قۆناغی سێیەم، کە لە مانگی 12دا دەستپێدەکات، قۆناغی کۆتاییە و قۆناغی پرسیارە وردەکانە لەبارەی بژێوی و چۆنیەتی ژیان و هەموو وردەکارییەکانی دیکە و باس لەوە دەکرێت نزیکەی 75 پرسیار لە هەر ماڵێک دەکرێت.