بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی تۆمەتباری رووداوی تەقەكردنەكەی شەوی رابردووی قەزای چەمچەماڵ دەستگیردەكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی لە گەڕەكی ئاشتی لە قەزای چەمچەماڵ دوو چەكدار كە ماتۆڕ سكیلێكیان پێبووە، تەقە لە ماڵی هاوڵاتییەك دەكەن و هەڵدێن، دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوەنی هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا شوێنی تۆمەتباران دەستنیشان بكرێت و هەردوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن و دەستگیرا بەسەر چەكەكەیاندا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی 15ی چەك دەستگیركران و لێكۆڵێنەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، بەردەوامن لە هەڵمەتەكانی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلی بێسەرەتا، لەپێناو سەقامگیری و ئارامیی زیاتر لە قەزای چەمچەماڵ.