نەخۆشییەکی شاراوەی مێشک تووشی سەدان کەس بووە لە هەرێمێکی کەنەدا بەناوی نیو برۆنزویک لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵات و ترسی بەرپرسانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و داوای هاوکارییان لە حکومەتی فیدڕاڵی کەنەدا کردووە بۆ ئەوەی دەستتێوەردان بکات بۆ چارەسەر.
سوزان هەڵت، سەرۆک وەزیرانی ناوچەی نیو برۆنزویک داوای لە ئاژانسی تەندروستیی گشتیی کەنەدا کردووە هاوکاری بکەن لە لێکۆڵینەوە لەو نەخۆشییەکەی تووشی سەدان کەس بووە لە هەرێمەکەی.
سوزان، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە لەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی نەخۆشییەکە، چونکە ئێستا نازانین، نازانین چۆن دەستنیشانی بکەین و چۆن چارەسەری بکەین.
بەگوێرەی رۆژنامەی ناشناڵ پۆست، دکتۆر ئالێیەر مارێریۆ پزیشکی دەمارەکانی نیو برۆنزویک لەم چەند ساڵەی دواییدا سەدان نەخۆشی بینیوە کە بەدەست نیشانەکانی تێکچوونی دەمارەکانەوە دەناڵێنن، وەک دڵەڕاوکێ و سەختی خەوتن، نیشانەکانی توندتر لەوانە ئازاری ئەندامەکانی جەستە و سەختی هاوسەنگی، تێکچوونی بینین و هەلوەسەکردن و زۆرینەشیان تەمەنیان لە خوار 45 ساڵییەوە بووە.
بەشێک لە پزیشکەکان پێیان وایە ئەم نەخۆشییەی لەناو خەڵکدا سەریهەڵداوە، نەخۆشییەکی لەخۆوە نییە و هۆکاری هەیە، لە هەندێک پشکنینی سەرەتایشدا هەندێک گومانیان بۆ درووستبووە کاتێک لە خوێنددا قڕکەرەکانیان بەدیکردووە.