پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە سنووری سلێمانی و شارەزوور و پێنجوێن بارانێکی باش باریووە و زەوی پەڵەی داوە”.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، بارانی پەڵە، ئەو بڕە بارانەیە کە لەسەرخۆ یاخود مامناوەندە و بڕەکەی لە نێوان 20 بۆ 40 ملیمەتردایە و مەرجە بارانەکە لە چەند کاتژمێرێکدا ببارێت بگاتە زیاتر لە 12 کاتژمێر بارانبارین بە بەردەوامی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری هەولێر و دهۆک پەڵەی نەداوە تا ئێستا، بەڵام پێشبینی دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 11 لە هەموو هەرێمی کوردستان زەوی پەڵە بدات و بەو جۆرەش بۆ ئەمساڵ بارانی پەڵە لە کاتی خۆیدا باریووە و دوانەکەوتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و پێشبینییەکانی کەشناسیی عێراقیش باس لەوەدەکەن لە رۆژی یەکشەممە و دووشەمەی داهاتوودا باران لە ناوچەکانی هەرێم دەبارێت.