لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا لە سنووری قەزای شارەزوور 500 کەس بەهۆی تووشبوونیان بە سکچوون و رشانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ.
کەمال رەئوف لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەدوای 8:00 ی بەیانی دوێنێوە سەردانیکردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکەمان زیادیکردووە بە شێوەیەک تا بەیانی ئەمڕۆ 800 کەس سەردانی کردووین لەو ژمارەیەش 500 کەسیان حاڵەتی سکچوون و رشانەوەیان هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەر بۆ چارەسەری نەخۆشەکان، هیچ کەموکورتییەکمان لە دەرماندا نییە، بەڵام بەرچاومان روون نییە کە حاڵەتەکان زیاددەکەن یان کەدەکەن، بۆیە چەندین پێداویستی دیکە بە رێگاوەیە بۆمان بهێنن.
ئاشکراشیکرد، تا ئێستا هۆکاری حاڵەتەکە دیارنییە، گومان لە پیسبوونی ئاوی خواردنەوە دەکرێت هەر بۆیە، ئەمڕۆ تیمێکی خۆپاراستنی تەندروستیی دێنە شارەکە و پشکنین بۆ ئاوی خواردنەوە دەکەن.
لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ داوایشیکرد، هاوڵاتییان ئاوی کوڵاو یان فلتەرکراو بەکاربهێنن تا ئەو کاتەی هۆکارەکەی بەتەواوی دیاریدەکەین.