تەلار لەتیف: شێواز و میكانیزمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی یەكێتی یەكلادەكرێنەوە

وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ رێژە و شێواز و میكانیزمی هەڵبژاردنی سێ ئەنجومەنەكەی یەكێتی یەكلادەكرێنەوە.

تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەندامانی ئەو شەش لیژنەیەی دوێنێ بڕیاری پێكهێنانیان درا جیادەكرێنەوە و پاش نیوەڕۆ راپۆرتەكانی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ بەردەم كۆنگرە و دەنگیان لەسەر دەدرێت.

وتیشی، “هەر ئەمڕۆ دوای ئەوەی پەیرەوی ناوخۆ دەنگی لەسەر دەدرێت، رێژە و ناو و شێواز و میكانیزمی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنەكان دەنگی لەسەر دەدرێت”.

بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی پێشنیاركراوە سێ ئەنجومەنی سەركردایەتی، سیاسی و پشتیوانی پێكبهێنرێت كە ئەرك و بەرپرسیارێتییان جیاواز دەبێت و ئەمڕۆ لە كۆنگرەدا بە دەنگدان یەكلادەكرێنەوە.

سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی تەلار لەتیف روونیكردەوە، دوو پێشنیار هەن كە ژمارەكە 50 یان 60 ئەندام بێت و بە دەنگدان بڕیاری لەسەر دەدرێت.

باسی لەوەشكرد كە رێژەی 25%ی ئەندامانی هەر سێ ئەنجومەنەكە لە ژنان پێكدەهێندرێن.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیدا دەربارەی میكانیزمی هەڵبژاردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆكی یەكێتی، وتەبێژی كۆنگرە ئاشكرایكرد، “لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیارەوە بڕگەی هەڵبژاردن كرایە دەنگەوە و پەسەندكرا، پاشان دەرگای خۆپاڵاوتن كرایەوە و تاكە كاندید سەرۆك بافڵ بوو و بە زۆرینە دەنگی پێدرا”.

پێش نیوەڕۆی دوێنێ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بە بەشداریی 600 ئەندام و میوانانی کۆنگرە لە تەلاری هونەر لە سلێمانی دەستیپێکرد.

ئێوارەی هەمان رۆژ بەشی دووەمی كارەكانی كۆنگرەی پێنجەم ئەنجامدرا، سەرەتا بە كۆی دەنگی ئەندامان بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆك هەڵبژێردرایەوە.

دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامان هەریەك لە کۆسرەت رەسول عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە پای رۆڵ و پێگە و ماندووبوونیان لە مێژووی یەکێتی وەک سیمبولی باڵای یەکێتی دیاریکران.

بابەتی پێشتر

بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت دوو کەس لە چەمچەماڵ دەستگیرکران

بابەتی دواتر

هەڤاڵ ئەبوبەکر: چێكی سیستمی غاز و شۆفاژەکانتان بکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share