وەزیری پەروەردە بۆ ئێستا: هیچ بڕیارێکمان سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن نەداوە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، تائێستا هیچ بڕیارێکیان سەبارەت کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن نەداوە و بۆ ئەو مەبەستە کۆدەبنەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن بەدواداچوونی دۆخەکەی دەوێت، ئێمەش تائێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئەوە یەکلایی دەکاتەوە”.

سەبارەت بەوەی ئایا ڕاپۆرت و پێشنیازی وەزارەتی پەروەردە بۆ لیژنەی باڵا چییە؟ وەزیری پەروەردە وتی، “هێشتا ڕاپۆرتی کۆتاییمان ئامادەنەکردووە و پێشنیازمان نەداوە بە لیژنەکە، بەدڵنیایی کۆبوونەوە لەوبارەیەوە دەکەین و بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندنەوە دەدەین”.

پێشتر ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێستا خوێندکارانی پۆلی یەک لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە، یان خێزانێک بۆ خێزانێکی دیکە ئاستی خوێندەوارییان دەگۆڕێت، چونکە لە هەولێر 25 ڕۆژ زیاتر خوێندکارانی پۆلی یەک وانەیان خوێندووە، بەراورد بە خوێندکاران لە پارێزگای سلێمانی”.

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاشیگەیاند، “تا ئێستا لەناو کۆی بژاردەکاندا، خوێندنی ئۆنلاین بژاردەیەکی باشە و هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە، بەدڵنیاییەوە سیستمەکە ناتوانێت وەک سیستمی ناو پۆل کاریگەریی ئەرێنیی هەبێت، بەڵام هێشتا ئەوە تاکە چارەسەرە”.

لەلایەکی دیکەوە لە هەفتەی ڕابردوودا کۆمەڵێک مامۆستا لە یاداشتێکدا هۆشدارییانداوە لەوەی نزیکەی 100 هەزار خوێندکاری پۆلی یەکەمی بنەڕەتی “لە کارەساتێکی قوڵی نەخوێندەواریدان، چونکە زۆرینەیان لە کۆی 34 پیتی زمانی کوردی، تەنها چەند پیتێکی کەمیان خوێندووە، یان ئەتوانن بیناسنەوە، ئەوەش وادەکات خوێندکاران نەتوانن پیتەکان بەیەکەوە بنێن و ڕستەکان بخوێننەوە”.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا جارێکی دیکە بڕیاری داخستنی دەرگای ناوەندەکانی خوێندنی دا و لەبەرامبەردا خوێندنی ئۆنلاین وەک جێگرەوەیەک بڕیاری لەسەردرا.

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنە نرخی دێمبیلی بۆ یانە داواکارەکانی ئاشکرادەکات

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەك كرماشانی هەژاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تۆمەتبارێكی داواكراو دەستگیركرا

لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە لە سەیدسادق تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە لەلایەن دادگای كەتنی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای…
Total
0
Share