ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و پرسی مووچە، بودجە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تاوتوێدەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە گفتوگۆ دەكات.
دەشڵێت، لە بڕگەی یەكەمدا، دواپێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، لەژێر رۆشنایی دواكۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی تاووتوێدەكرێت، كە لە 31ی تشرینی یەکەمی 2024، لە بەغداد، بە بەشداریی سەرۆككۆماری عێراق، سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ، وەزیری پلاندانانی فیدراڵ، وەزیرە كوردەكانی نێو حكومەتی فیدراڵی و وەفدی حكومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری دەڵێت، لە بڕگەی دووەمدا، دواپێشهاتی تایبەت بە بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی (ژمارەی وەزیفی)ی فەرمانبەران و هەندێك رێكاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2024 و ئەنجامی گفتوگۆكان لەم بارەیەوە دەخرێتەڕوو.
لەبارەی بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، نوێترین پێشنیاری حكومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە هەمواركردنەوەی ماددەی (12) لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و خستنەڕووی دواكۆبوونەوە و دانوستانەكان لەمبارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان دەخرێتەڕوو.