بەرگری شارستانی سلێمانی چەند ڕێنماییەک بۆ کاتی دروستبوونی ڕەشەبا دەخاتە ڕوو

بەرگری شارستانی سلێمانی لە ژێر کاریگەری ڕەشەبا و زریانەکەی ڕابردوو لە سلێمانی چەند ڕێنماییەک دەداتە هاوڵاتییان و بە گشتی ڕێنمایی هاوڵاتییان دەکات دوربکەونەوە لەو شوێنانەی ئەگەری لێبوونەوە و پارچە پارچە بوونی یان کەوتنی هەیە.

بەرگری شارستانی سلێمانی لە ئەگەری دروستبوونی ڕەشەبا و زریاندا داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئەم ڕێنماییانە جێ بەجێ بکەن:

1_دوورکەوتنەوە لە هەر کێبڵێکی شۆڕ بووەوە لە ئەگەری پچڕاندن و  مەترسی بوونی تەزووی کارەبا تیایدا.

2_ دوورکەوتنەوە لە بینا و باڵەخانە تەواونەکراوەکان لە ئەگەری کەوتنەخوارەوەی کەلوپەلی بیناسازی و بەربوونی ئەسکەلە بەستراوەکان.

  3_ نەوەستان و دوورکەوتنەوە لە درەختە گەورەکان چونکە ئەگەری شکان و هەڵکەندنی هەیە.

 4_ ئاگاداربوون لە کاتی شوفێریکردن بە تایبەتی لەو کاتانەدا کە زریان و گێژەڵووکە تەپوتۆز و خۆڵبارینی لەگەڵدایە و مەودای بینن کەم دەبێتەوە، و زۆر پێویستە ئاگاداری هێماکانی هاتووچۆ بین.

5_ داخستنی دەرگا و پەنجەرەکانی ناو ماڵ بۆ ڕێگریکردن لە تەوژمی هەوایی بەردەوام لە ناو ماڵدا، کە دەبێتە هۆی ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو و کەوتنەخوارەوەی کەلوپەلی ناوماڵ.

6_ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و  پێدانی زانیاری بە مناڵان دەربارەی زریان و گەردەلوول تاوەکو لە کاتی دروستبوونیدا نەبێتە هۆی ترسان و دڵەڕاوکێیان چونکە زریان و گەردەلوول دەنگێکی ترسێنەری هەیە.

7_ئاگاداربوون لە کاتی پەڕینەوە لە شەقامەکان بە تایبەتی لە کاتەکانی شەودا چونکە زریان و گێژەڵووکە زۆر جار بەهۆی خۆڵ و تۆزە وە مەودای بینین کەم دەکەنەوە بە تایبەتی بۆ شۆفێران.

8_ لابردنی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە ترسی با بردن و جوڵاندنیان هەیە لە لەسەر سەربانی ماڵ و باڵەخانەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو لە ئەنجامی کەوتنیان.

9_دوورکەوتنەوە و نەوەستان لە ژێر ریکلامە هەڵواسراوەکان لە شوێنە گشتییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی کە قەبارەیان گەورەیە.

10_ جێگیرکردنی چەتر و چەرداخ و کۆشکی شوێنە گشتییەکان بە شێوەیەکی گونجا و تووندو تۆڵ، بە تایبەتی ئەو جۆرانەی کە قاچی ئاسنینیان هەیە.

11_ ئاگادارکردنەوەی ئەو باڵەخانانەی کە بە ماددەی (کۆبوند)  ڕووپۆشکراوە لە ئەگەری بابردن و هەڵدانی پارچەکانی لە کاتی زریان و گەردەلوولدا.

12_ ئاگاداربوونی تەواوی تاوەر و هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە ئەگەری جووڵان و کەوتنە خوارەوەیان بە تایبەت ئەوانەی کە لە سەر یەکەکانی نیشتەجێبوون جێگیرکراون.

13_ دەستبەجێ خێرا پەیوەندی کردنی بە بەشی کۆنترۆڵی بەرگری شارستانی سلێمانی ژمارە  (115) کە بە بێ بەرامبەرە لە هەر جۆرە هێڵێکی پەیوەندیکردنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ژمارەیەك لە كارمەندانی تەندروستی لەبارەی بڕینی دەرماڵەیەكیان هەڵوێست رادەگەیەنن

بڕیارە رۆژی دووشەممە لە ھۆڵی سەندیكای كارمەندی تەندروستیی كۆبوونەوەی سەرجەم بەڕێوەبەری بنكە تەندروستییەكانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدەدرێت. بڕیارە دوای…
Total
0
Share