بە گوێرەی قسەی فرۆشیارانی ئامێرە کارەباییەکان، لە ئێستادا خواستێکی زۆر لەسەر گەرمکەرەوە کارەباییەکان و غازییەکان هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هاوڵاتییان دەیانەوێت لە نەوت دووربکەونەوە.
لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕی رەشدا، 160 هەزار دینارە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێت، بەردەوامین لە دابەشکردنی نەوت بە نرخی 104 هەزار دینار.
فرۆشیارانی گەرمکەرەوەکان باس لەوەدەکەن، بەهۆی ئەوەی دۆخی کارەبا باشتر بووە، لە ئێستا خەڵکێکی زۆر روویان لە کڕینی ئامێرە کارەباییەکان کردووە، لەبارەی گەرمکەرەوە غازییەکانیشەوە باسی لەوەکرد، کوالێتییەکی باش لە بازاڕدایە و ئەوەش وای کردووە خەڵک خواستیان لەسەری هەبێت.
خاوەن پێشانگەیەک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەر ساڵێک نرخی نەوت بەرزبێت، خواست لەسەر گەرمکەرەوە غازی و کارەباییەکان زیاتردەبن، لەلایەکی دیکەشەوە زۆرینەی ئەو کەسانەی لە یەکە نیشتەجێبوونەکاندا دەژین خواستییان لەسەر ئامێرە کارەباییەکانە، هەر بۆیە فرۆشیان زیادیکردووە.