مامۆستایانی ناڕازی: رێگای کردنەوەی خوێندنگەکان فشار و هەڕەشە نییە

گردبوونەوەی مامۆستا و فەرمانبەران لە هەڵەبجە ئەرشیف

لە نوێترین هەڵوێستدا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرەڕای جەختكردەوە لە بایكۆت دەڵێت، رێگای کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان فشار و هەڕەشە نییە، جێبەجێكردنی داواكارییەكانە.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، دوای ئەوەی دەسەڵات هەموو هەوڵە حیزبی و ئیدارییەکانی لەمڕۆدا بۆ کردنەوەی دەرگای خوێندگەکان چڕکردبۆوە، بەڵام خۆشبەختانە بە ئیرادەی بەهێزی مامۆستایان و پێداگرییان لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان، هەنگاوێکی دیكەی فشارەکانی دەسەڵات بۆ بە زۆر کردنەوەی دەرگاکانی خوێندن لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان، شکستی پێهێنرا.

دووپاتیشیدەكاتەوە، “رێگای کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان فشار و هەڕەشە نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانە”.

ئەنجومەنەكە باس لەوەشدەكات، بایکۆتیان کردووە تا جارێکی دیكە بایکۆت نەکەنەوە. بۆیە تا وەڵامێکی کرداریی دڵنیاکەرەوە وەرنەگرن، بەردەوام دەبن و لە نزیکترین دەرفەتدا لە شەقام دەبن.

بەپێی ساڵنامەی خوێندن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە بڵاوکرایەوە دەبوایە ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی خوێندن بێت و خوێندنگەکان دەوامیان تێدا بکرێت، بەڵام هەموو مامۆستایان نەچوونەتەوە بۆ خوێندنگەکان و لە هەندێک خوێندنگە چەند مامۆستایەک چوونەتەوە بەمەبەستی پەیوەندیکردنەوە.

دوای تێپەڕبوونی وەرزێکی خوێندن بە بایکۆت و نەبوونی دەوام، مامۆستایانی ناڕازی سنووری سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە لەماوەی رابردوو داوای جێبەجێکردنی 5 خاڵی سەرەکییان لە حکومەت کردبوو، وەزارەتی پەروەردە لە رۆژی ٧ی ئەم مانگە نووسراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، پاش گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی هەیە كە پاش هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان:

1- پلە بەرزكردنەوە لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان دەستپێدەكات.

2- بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەگوێرەی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری، بکرێت.

دواتریش ئەم نووسراوە کاردانەوەی دروستکرد و مامۆستایانی ناڕازی نووسراوەکەیان رەتکردەوە و دووپاتیانكردەوە کە بایکۆت ناشکێنن و ناگەڕێنەوە بۆ خوێندنگەکان تا ئەوکاتەی حکومەت بە روونی وەڵامی داواکارییەکانیان نەداتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەو کارمەندانەی سەرسندوقی دەنگدان ئاگاداردەکرێنەوە کە تا ئێستا شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە کۆتا وادەیە بۆ دابەشکردنی شایستە داراییەکانی کارمەندانی سەر سندوقی دەنگدانی…
Total
0
Share