تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “لە مانگی رابردوودا 938 حاڵەتی سكچون و رشانەوە لە نەخۆشخانەی منداڵان تۆمارکراون”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لە سلێمانی 18 هەزار و 972 منداڵی نەخۆش لەهەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و بەشی راوێژكاریی نەخۆشخانەكە بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، لەو ژمارەیەش 2 هەزار و 209 منداڵ داخڵكراون.
هەر بەپێی ئاماری تەندروستیی سلێمانی، لە مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی منداڵان 938 حاڵەتی سكچون و رشانەوە و وشكبوونەوە و 352 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆماركراون، 392 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 216 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 218 منداڵ لە بەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك و 185 منداڵ لە بەشی هەرس و جگەر بینراون.
تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، هەر لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری 18 هەزار و 105 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 362 سۆنەر و 112 ئیكۆ و 32 نازور ئەنجامدراون و 424 تیشك گیراون.