پزیشکێک: بەیانیان لەکاتی لەخەو هەستان قاوە مەخۆرەوە

هەرچەندە رەنگە یەک کوپ قاوە بەس بێت بۆ گۆڕینی باری دەرونیی هەندێک کەس بۆ ماوەی رۆژێکی تەواو، بەڵام توێژینەوە نەرێنییەکانی پەیوەست بە قاوە ناوەستن.

توێژینەوە نوێیەکان هۆشدارییان داوە کە لە خواردنەوەی قاوەدا کات زۆر گرنگە و دەبێت رەچاوی بکرێت.

بەپێی توێژینەوەیەک کە کۆمپانیای بریڤیلی ئوسترالی ئەنجامیانداوە، زۆرێک لە بەریتانیەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە رۆژانە نزیکەی سێ کوپ قاوە دەخۆنەوە و بەزۆری کوپی یەکەم کاتژمێر حەوتی بەیانییە.

رێکس ئیساپ، پزیشکی پسپۆڕی خەوتن، هۆشداری دەدات لە خواردنەوەی قاوە لە ماوەی یەکەم کاتژمێردا دوای لە خەو هەستان و دەڵێت، کاتێک لە خەو هەڵدەستین، ئاستی کۆرتیزۆڵ کە زۆرجار پەیوەندی بە فشارەوە هەیە، لە لوتکەدایە، ئەم ماددەیە هۆشیاریت بەرزدەکاتەوە، خواردنەوەی قاوە لەم قۆناغەدا دەتوانێت بەرپەرچی ئەم کاریگەرییە بداتەوە یان بەرگەگرتنی جەستەت بۆ کافاین زیادبکات.

دەشڵێت، لە رۆژدا مێشکت ئەدینۆزین بەرهەم دەهێنێت کە دەبێتە هۆی خەواڵوویی، بەڵام کافاین کاریگەرییەکەی کەمدەکاتەوە و وا دەکات هەست بە وریایی بکەیت، ئەگەر دوای خواردنەوەی قاوە تووشی خەواڵوویی بوویت، لەوانەیە ئەوە هۆکارەکەی بێت کە یەکسەر دوای لەخەو هەستان قاوەت خواردبێتەوە.

ئەو پزیشکە دەڵێت، بۆ دوورکەوتنەوە لەم کێشەیە، باشترە دوای لە خەو هەستان لانیکەم کاتژمێرێک چاوەڕێ بکەیت پێش خواردنەوەی قاوە، بەمشێوەیە دەتوانیت سوود لە وریایی سروشتیی جەستە وەربگریت بەبێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی کافاین لەسەر خەوتنت هەبێت.

قاوە خواردنەوەیەکە لە تۆوی قاوەی برژاو دروست دەکرێت و لە زیاتر لە 70 وڵاتی جیهاندا پەرەی پێدەدرێت، بەتایبەتی لە ناوچە گەرمەکانی ئەمریکای باکوور و باشوور، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و هیندستان.

سودێکی زۆری هەیە، لەوانە زیادکردنی چالاکیی مێشک، چەسپاندنی یادەوەری، پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو، کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە بەردی زراو، لەگەڵ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە و زەهایمەر.

لەگەڵ ئەو سوودانەدا زیانەکانیشی بریتین لە، زیادبوونی هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و گرژی، زیادکردنی دەمارگیری لە هەندێک کەسدا، کەمخەوی، کێشەی خەو، و هەرس نەکردنی خواردن، رشانەوە، دڵەکزێ و سکچوون.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیداری مێری بەشداریدەکات و لەسەر چەند پرسێک قسەدەکات

بابەتی دواتر

شەپۆلێکی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share