وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایدەگەیەنێت، “دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەتوانن لە هەمان سایتی زانکۆلاین داواکاری بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم پێشکەشبکەن”.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایگەیاند، سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەوانەی ناویان لە نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەمان تۆمارکردووە، لە کاتژمێر 9ی ئەمشەوەوە هاوشێوەی دەرچووانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری لەڕێگەی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەشبکەن.
دەشڵێت، بۆ هەر کێشەو گرفتێک سەبارەت بە پرۆسەکە دەرچووان دەتوانن سەردانی نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەمان بکەن و ئاسانکاری و رێنوێنیان پێشکەشدەکرێت.
باس لەوەش دەکات، ساڵانە لەگەڵ دەرچووانی 12ی ئامادەیی هەرێمی کوردستان، دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەهەمان مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم باس لەوەش دەکات، بۆ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن بە کۆدەکانیان بچنە ناو سیستم و راستەوخۆ داواکاری بۆ وەرگرتن لەهەمان سایتی زانکۆلاین پێشکەشبکەن.