کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئایپاد و مۆبایل لەسەر خوێندنی منداڵ چین؟

پسپۆڕێکی تەندروستیی دەرونیی گەورە و منداڵان باس لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی مۆبایل و ئایپاد لەسەر منداڵان دەکات بەتایبەت لەسەر ئاستی فێربوونیان لە پرۆسەی خوێندن، و چەند رێنماییەکیش بە دایکان و باوکان دەدات.

د. نەشمیل رەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی تەندروستیی دەرونیی گەورە و منداڵان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد لەلایەن منداڵانەوە کاریگەریی نەرێنی جیاوازی هەیە بەجۆرێک کاردەکاتە سەر دەرونی منداڵان و دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و خۆئازاردان.

دەشڵێت، هەروەها دابڕانی کۆمەڵایەتی، ئالودەبوون بە مۆبایل و شەونخونیکردن، کەمبوونەوەی سەرنج و تێڕامان، کە ئەوانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئاستی فێربوونی منداڵ، چەند کاریگەرییەکی دیکەی ئامێرە زیرەکەکانن لەسەر منداڵان.

د. نەشمیل رەسوڵ دەڵێت، ئەو حاڵەتە نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا بڵاوە و بەتایبەت لە ساڵی 2012 ەوە زیادیکردووە بەجۆرێک کە رێژەی ئەو منداڵانەی ئەو ئامێرانە بەکاردەهێنن زۆرترە لە منداڵی ئاسایی.

بەبڕوای ئەو پسپۆڕە، یەکێکی دیکە لە کاریگەرییەکانی ئەو ئامێرانە لەسەر منداڵان ئەوەیە کە ئەو مندالانەی ئامێرە زیرەکەکان بەکاردەهێنن چوونەدەرەوە و یاریکردنیان کەمبووەتەوە و ئەوەش وادەکات زیاتر پشت بە دایک و باوک و چواردەوریان ببەستن وەک لەوەی پشت بە خۆیان ببەستن و کاتێک دەگەنە تەمەنی هەرزەکاری ئەو کاتە بیر لەوە دەکەنەوە بە تەنها رووبەڕووی گرفتەکانیان ببنەوە و رەنگە نەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ هەستە ناخۆشەکانیان بکەن و تووشی گرفتی دەرونی و ناڕەحەتی ببن.

د. نەشمیل رەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی تەندروستیی دەرونیی گەورە و منداڵان، رێنمایی دایکان و باوکان دەکات و دەڵێت، باشتر وایە دایک و باوک کاتی بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان بۆ منداڵەکانیان دیاریبکەن کە لەچەند کاتژمێرێکی کەم تێنەپەڕێت و لەهەمان کاتدا پێویستە دایک و باوک خوێندنێک بۆ منداڵەکەیان هەڵبژێرن کە پشتی بە ئامێرە زیرەکەکان نەبەستبێت و قەڵەم و دەفتەر بەکاربهێنرێت.

دەشڵێت، پێویستە گروپی خوێندنگەکان کە لە سۆشیاڵ میدیادا هەن تەنها دایک و باوکی منداڵەکەی تێدابێت نەک منداڵەکە خۆی، چونکە ئەوە وا لە منداڵ دەکات زیاتر مۆبایل بەکاربهێنێت.

لەبارەی چۆنیەتی دوورخستنەوەی منداڵ لە ئامێرە زیرەکەکان د. نەشمیل رەسوڵ، دەڵێت، “هەر شتێک لە هەرکەسێک دەسەندرێت دەبێت شتێکی جێگرەوە هەبێت بۆ منداڵیش وایە دەبێت کاتێک مۆبایل و ئایپادی لێوەردەگیرێت، دایک و باوک یان ئەندامانی خێزان یاری لەگەڵ منداڵەکاندا بکەن و کاتیان لەگەڵدا بەسەر ببەن و چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی سەرنج و تێڕوانینیان بەهێزبێت و لەفێربوون و پرۆسەی خوێندندا گەشە بکەن”.

 

 

بابەتی پێشتر

محەمەد شیاع سودانی بۆ نەجیب میقاتی: هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە و پشتیوانیتان دەکەین

بابەتی دواتر

کارەبای سلێمانی وەڵامی بەرپرسێکی پارتی دەداتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قەڵەوی قەیرانێکی جیهانی.. چارەسەرەکانی دەچنە لیستی دەرمانە بنەڕەتییەکانی تەندروستیی جیهانییەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، رەنگە بۆ یەکەمجار دەرمانی دژە قەڵەوی بخرێتە ناو “لیستی دەرمانە بنەڕەتییەکان”ی رێکخراوەکەوە. مانگی داهاتوو…
Total
0
Share