گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر عێراق دروستدەکات؟

گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین مانگە بەردەوامی هەیە و لە هەفتەکانی رابردوودا ئەو کێشەیەی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکاندا دروستبوو، لەسەر کەرتی غەززە، پەرەی سەند و لوبنانیش بوو بە بەشێک لە جەنگە ناوچەییەکە، ئێستاش ناوبەناو پرسیارێک دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەم جەنگ و ململانێیە، پەرە دەستێنێت بەرەو عێراق؟

سەرەتا و بەر لە وەڵامندانەوەی ئەو پرسیارە، چەند ئامارێک دەخەینەڕوو،  بە گوێرەی دواین ئاماری دەستەی فریاگوزاریی لوبنانی، لەماوەی چڕبوونەوەی کێشەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا 1540 کەس گیانیان لەدەستداوە.

پەرەسەندنی گرژییەکان بۆ لوبنان

لە ماوەی ئەم مانگەدا، چەند رووداوێکی گەورە لە لوبنان روویاندا، لە دوو رۆژی یەک لەدوای یەکدا لە رۆژ 17 و 18ی ئەم مانگەدا، تەقینەوەی ئامێری پەیجەر روویدا لە گیرفانی ئەو کەسانەی ئامێرەکەیان هەڵگرتبوو، کە واباسکرا ئەوان ئەندامی حیزبوڵڵابن، جگە لەوەش هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامی هەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەدوای 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، حیزبوڵڵای لوبنانی دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل کردووە لە نزیک سنوور وەک پشتیوانییەک بۆ دۆزی فەڵەستین.

دەکرێت جەنگەکە بگوازرێتەوە بۆ عێراق؟ پاڵنەرەکان چین؟

عێراق لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام ئیدانەی توندی هەموو دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر وڵاتانی فەڵەستین و لوبنان، جگە لەوەی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاری ئەو وڵاتانەی دەربڕیووە و چەندین جار هاوکاری مرۆییی بۆ ناردوون.

تەنها لە ئەمڕۆدا 75 ملیۆن تۆن هاوکاری و پێداویستییە پزیشکییەکانی ناردووەتە لوبنان، لە رێگەی فڕۆکەوە، تەنانەت دەیەوێت خۆراکیش بۆ ئەو وڵاتە وەک هاوکاری بنێرێت.

لەلایەکی دیکەوە، دەرگا و دەروازە سنوورییەکانی بۆ هاوڵاتیانی لوبنانی کردووەتەوە تاوەکو رووی لێبکەن بەهۆی ئەو دۆخەی لە وڵاتەکەیاندا درووست بووە.

رۆژی 24ی ئەم مانگەشە، محەمەد شیاع سودانی چەند بڕیارێکی دەرکرد ئەوانەش:

یەکەم: درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوە بۆ هاوڵاتییانی لوبنانی کە لە عێراقن بۆ ماوەی سی رۆژ بەهۆی بارودۆخی جەنگی زۆرەملێوە.

دووەم: بەخشینی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە کە لە ئێستادا سەرپێچی یاسا دەکەن لەو سزایانەی بەهۆی خاڵی یەکەمەوە دەکەوێتە سەریان.

سێیەم: بەردەوام بوون لە پێدانی ڤیزای هاتنەناو عێراق بێ بەرامبەر بە هاوڵاتییانی لوبنانی کە خۆیان دەگەیەننە دەروازە سنوورییەکانی عێراق.

جگە لە هەموو ئەمانە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە گرووپێکی هاوشێوەی حیزبوڵای لوبنانی و حەماسی فەڵەستینین، چەند هێرشێکی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرپرسیارییەتی خۆی لە هەریەک لەو هێرشانە راگەیاندووە.

چاودێرانی سیاسیی، باس لەوە دەکەن، هەریەک لەم هەنگاوانەی عێراق دەکرێت وەک مەترسییەک تەماشا بکرێت بۆ پەرەسەندنی ناوچەیی جەنگەکە، کە بەرۆکی ئەو دوو وڵاتەی گرتووەتەوە بۆ ئەوەی پەل بۆ عێراق بکێشێت، کە عێراق وەک یاریکەرێکی سیاسی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەماشادەکرێت و پێگەی گرنگی زۆری هەیە بۆ دوو جەمسەرە سیاسییەکەی جیهان.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. لە رووداوێکی هاتوچۆدا دوو کەس برینداربوون

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی كاتی دابەشكردنی مووچەی راگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share