وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت، “دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەبێت”.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری لەهەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەچارەسەری کێشە ئابوری و داراییەکان لە نێوان ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
دەشڵێت، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، هەردولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا بەتایبەت ئەو کێشانەی رەهەندی دارایی و ئابورییان هەیە لە سەر بنەمای یاسا و دەستوور.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، لەکۆبونەوەکە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و خاڵە سنوورییەکان و رێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کراو هەردوولا هاوڕابوون میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێنەوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، “بڕیارە کۆبوەنەوەکان سبەی دووشەممە درێژەیان هەبێت و چاوەڕواندەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشینان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت”.