کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ رۆژی سێشەممە هەڵگیرا.
میدیا عێراقییەکان، بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ رۆژی سێشەممەی داهاتوو هەڵگیرا.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 170 ئەندام کۆبووەوە و تیایدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیازکراوی پاراستنی میراتی کولتوری کرا، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ رەشنووسی هەڵوەشانەوەی یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی یەکێتیی ئابوریی نێوان وڵاتانی کۆمکاری عەرەبیی ژمارە 169ی ساڵی 1963 کرا.
ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا گفتوگۆی لەبارەی رەشنووسی یاسای تەندروستیی دەروونی تەواوکرد، لەگەڵ ئەوانەش ئەندامانی ئەنجومەنەکە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ رەشنووسی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی دەستپێکرد، بەڵام نەتوانرا گفتوگۆکە لەوبارەیەوە تەواوبکرێت.