وەزارەتی پلاندانانی عێراق وادەی دەستپێكردنی پرۆسەی ئامار و ژماردنی ئاشكراكرد كە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت، وەك ئامادەكارییەك بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.
زیاء عەواد كازم، سەرۆكی دەستەی ئامار و رێكخستنی زانیاریی جوگرافی لە وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، ئامادەكاری دەكەن بۆ دەستپێكردنی قۆناغی سەرەكی لە قۆناغەكانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون كە قۆناغی سەرژمێریی سەرەتایە و بریتییە لە پرۆسەی ژمارە و ئامار و لە 1ی ئەیلولەوە (رۆژی یەكشەممەی داهاتوو) لە سەرتاسەری عێراق دەستپێدەكات.
وتیشی، “چالاكییەكانی دیكە بۆ راهێنان و ئامادەكاری بوو، ئەم قۆناغە بە قۆناغە سەرەكی و گرنگەكانی سەرژمێریی دانیشتووان دادەنرێت، چونكە لەپێش پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووانەوەیە، كە ژماردنی باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوون و دامەزراوەكان دەبێت لەگەڵ وەرگرتنی زانیاریی سەرەتایی دەربارەی ژمارەی ئەندامانی خێزان و دابەشبوونی خێزانەكان بەپێی نێر و مێ، بۆ ئەوەی ببێتە زانیاریی گرنگ كە پشتی پێدەبەسترێت لە سەرژمێرییەكەی 20ی تشرینی دووەم”.
ئامادەكاری بۆ ئەم قۆناغە سەرەكییە كاتێكی زۆری خایاند لەڕووی ئامادەسازی و كاركردنەوە، تیایدا وێنەی ئاسمانیی نوێی سەرجەم ناوچەكانی عێراق ئامادەكرا، لەگەڵ دابەشكردنی ناوچەكان بۆ بلۆكی سەرژمێری و دابەشكردنی ئەو كەسانەی لە سەرژمێرییەكەدا كاردەكەن، زیاء عەواد وای وت.
روونیشیكردەوە، پرۆسەكە بۆ ماوەی دوو مانگ لە سەرجەم قەزا و ناحیەكان بەردەوام دەبێت، پاش كۆتاییهاتنی ئەم قۆناغەیش، قۆناغی دابەشكردن و ژماردن و راهێنانی نزیكەی 80 هەزار راهێنراوی دیكە دەكرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی.
بەرپرسی وەزارەتەكەی پلاندانان باسی لەوەشكرد، 120 هەزار ژمێرەر و توێژەر لە 20 تشرینی دووەم بۆ جێبەجێكردنی سەرژمێریی دانیشتووان لە دوو رۆژدا بەشداردەبن.