ئەنجومەنی راژەی فیدڕاڵیی عێراق، دامەزراندنی 28 هەزار و 400 دەرچووی بەشە پزیشکییەکانی پەسەندکرد، و بڕیاری تەواوکردنی کارەکانی خاوەن بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکانی دەرکرد.
بڕیاری دامەزراندنی ئەو ژمارەیە لە تەندروستکاران بە گوێرەی یاسای پیشەی تەندروستی بووە کە یاساکە لە ساڵی 2000دا پەسەندکراوە، هاوکات بڕیاری تەواوکردنی کارەکانی دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە گرووپی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجومەنی کێبڕکێ و بنەبڕکردنی قۆرغکارین.
باس لەوەشکراوە، تیمەکانی دابەشکردن و لیژنەکانی بەرپرسی پرۆسەی دامەزراندن بەردەوامن لە کارەکانیان تەنانەت دوای تەواوبوونی دەوامی رەسمیشیان بۆ پابەندبوون بە کاتی پەسەندکراو، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم داواکاران هەلی دادپەروەرانە بۆ دامەزراندن وەردەگرن.