ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی مووچەوە پەیامێكی بەپەلە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەرپرسیارێتیی وەزارەتی دارایی عێراقە مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بنێرێت كە زیاتر لە 30 رۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیارییە داواكراوەكان رەوانەكراوە، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجنەكراوە و لەهەمانكاتدا وەزارەتی دارایی هەرێم سەرجەم پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، دەرەنجامی كارەكانی لیژنەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق بۆ سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ، لەبارەی داهات و خەرجی و میلاك و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفیی یەكگرتوو، لەلایەن فەریق سلێمان، سەرپەرشتیاری دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و سەفین غەفوور، راوێژكار لە نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران خرایەڕوو.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختكردنەوە لە سەرجەم وەزارەتەكان بۆ برەودان بە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەكانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق لەپێناو لابردنی هەر ئاستەنگێكی تەكنیكی لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی مانگانەی هەرێم لە كاتی خۆیدا، لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە كە بەرپرسیارێتیی وەزارەتی دارایی عێراقە مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بنێرێت كە زیاتر لە 30 رۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیارییە داواكراوەكان رەوانەكراوە، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجنەكراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، مووچە بە بڕیاری دادگا بەدوورگیراوە لە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەت بەو پێیەی مووچە، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و نابێت تێكەڵی هیچ بابەتێكی دیكە بكرێت، لە هەمانكاتدا وەزارەتی دارایی هەرێم سەرجەم پابەندییەكانی خۆی لە بەرامبەر وەزارەتی دارایی عێراق جێبەجێكردووە.

ئەنجومەنی وەزیران دەشڵێت، “نابێت بەهیچ جۆرێك هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ببێتە هۆی راگرتنی خەرجكردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەك ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەكرێت، ئەمە مامەڵەیەكی جیاكارییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، چونكە دڵنیاین، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەردەوام راپۆرت لەبارەی كەموكورتییەكانی ژمێریاریی دامەزراوەكانی فیدڕاڵ پێشكەشدەكەن، بەڵام هیچ كات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق نەبردووە، بۆیە پێویستە بە زووترین كات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەبكرێت، وەزارەتەكانیش لە نزیكەوە كار لەسەر ڕاسپاردەكانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداد دەكەن، بۆیە نابێت راپۆرتەكانی چاودێریی دارایی ببنە هۆكاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی هەماهەنگیی نێوان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێم لەبەر رۆشنایی دوا كۆبوونەوەی هاوبەش و راسپاردەكانی كۆبوونەوە تایبەت بە ئەرك و ڕۆڵی وەزارەتەكانی هەرێم لە پێشكەشكردنی ئاسانكاریی لۆجستی بۆ كۆمسیۆن، لەپێناو سەرخستنی ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20 ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا و ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دووپاتكردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە كەشێكی ئارامدا كردەوە.

بابەتی پێشتر

پلانی عێراق بۆ پێنج ساڵی داهاتوو چییە؟

بابەتی دواتر

پڕۆژەیەكی كارەبا جێبەجێدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی: بەردەوام چاودێری فرۆشتگای خوێندنگەکان دەکەین

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، رۆژانە سەردانی فرۆشگای خوێندنگەکان دەکەین و بەردەوام چاودێری کوالێتی خواردن و پاکوخاوێنیان…
زیاتر ببینە

نێچیرڤان بارزانی: با ئەم جەژنە ببێتە دەرفەتی نوێكردنەوەی پەیوەندی و لێبوردن و هەموومان پێكەوە بۆ خزمەتی وڵاتەكەمان كاربكەین

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، “با ئەم جەژنە ببێتە دەرفەتی نوێكردنەوەی پەیوەندی…
Total
0
Share