وەزیری بەرگریی پۆڵەندا واژۆکردنی گرێبەستی کۆتایی لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی بۆ کڕینی 96 هێلیکۆپتەری شەڕکەری ئەپاچی راگەیاند کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار.
لەوبارەیەوە ڤلادیسلاڤ کۆشینیاک-کامیش، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا ئەوەی خستەڕوو، ”گرێبەستێکی مێژووییە کە کڕینی 96 هێلیکۆپتەری هێرشبەری شەڕکەر لە مۆدێلی AH-64E Apache لە خۆدەگرێت و بەهای گرێبەستەکەش دەگاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار”.
پێشتریش پۆڵەندا بەمەبەستی کڕینی چەند کەلوپەلێکی سەربازی تایبەت بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە بەهای نزیکەی 1.23 ملیار دۆلار گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای رەیسۆن پۆلسکا و پی جی زێد هۆتا ستالۆڤا وۆلا واژۆکرد.
لەمساڵدا پۆڵەندا خەرجییە سەربازییەکانی بۆ نزیکەی 4%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی زیادکردووە و چاوی لە بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکانییەتی بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.