گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتردەبن و هێرشی مووشەکی روودەدات؟

لە دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئەگەرەکانی هێرشی مووشەکی زیادیانکردووە و هەموو لایەک هەڕەشە دەکەن.

حیزبوڵای لوبنانی و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و لایەنە شیعییەکانی عێراق لەلایەک و ئێران لە لایەکی دیکە هەمووان تووڕەییەکی زۆریان هەیە بەرامبەر بەوەی روویدا، جگە لەوەش لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی، کوژرانی هەنیە کاردانەوەی زۆری بەدواداهات، هەروەها چین و روسیا و بەشێکی زۆری وڵاتانی دونیا، سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد.

هەر زوو ئێران رایگەیاند، خوێنی ئیسماعیل هەنیە بەهەدەرناڕوات، شەوی هەینیش لە چەند راگەیەندراوێکدا سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە و سەرکردە باڵاکانی رایانگەیاند، ئیسرائیل دەبێت چاوەڕوانی کاردانەوە بکات و هێرشی مووشەکی دەکەنەسەر.

ئیسرائیل و ئەمریکا چاوەڕوانی ئەو هێرشە تۆڵەسەندنەوەیەن کە ئێران وتوویەتی دەیکات و هێزە سەربازییەکانی هەردوو وڵات لە دۆخی ئامادەباشیدان.

دیبلۆماتکارێکی ئێرانی دەڵێت، “هەوڵەکانی وڵاتانی جۆربەجۆر بۆ قایلکردنی تاران بۆ كاردانەوە نەنواندن، لەبەر رۆشنایی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بێهودە بووە و دەبێت و هێرشی توند و خێرا دەکەین”.

بە گوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەمریکا، هێرشەکەی ئێران لەماوەی چەند رۆژێکی دیکە تێپەڕناکات و، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی کە چۆن دەبێت.

درەنگانی دوێنێ هەینی پنتاگۆن رایگەیاند، پێش وەڵامدانەوەی چاوەڕوانکراو، فڕۆکەهەڵگرە سەربازییەکانی دەگوازێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باس لەوە دەکرێت 12 کەشتیی جەنگی ئیسرائیلی و ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون.

بارودۆخی ناوچەکە، چووەتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەوە، بە گوێرەی تێڕوانینی زۆرێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان، لە ئەگەری کاردانەوەی ئێراندا، ئیسرائیل و ئەمریکا بێدەنگ نابن و بەرەی جەنگەکە دەکرێت گەورەتر ببێت و گرژییەکان بۆ قۆناغێکی لەمەی ئێستا ئاڵۆزتر درێژەبکێشن.

بابەتی پێشتر

ئاگرگرتنی تانكەرێكی غاز لە چەمچەماڵ كوژێندرایەوە

بابەتی دواتر

چەند رێنماییەک لە تەندروستیی سلێمانییەوە لەبارەی سکچوون و رشانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share