ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پرۆژەیاسایەک کرا.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی ژمارە دووی وەرزی دووەمی ساڵی سێهەمی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڕێوەچوو.
دەشڵێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پرۆژە یاسایەک کرا لەنێویشیاندا یاسای( چاکسازیی یاسا ئابورییەکان) کە یاسایەکی نوێیە، ئامانج لە یاساکە لابردنی ئاستەنگەکانی گەشەپێدانی ئابوری و هاندانی وەبەرهێنانە لە عێراق لە رێگەی هەموارکردنەوەی چەند ماددەیەک لە :
– یاسای کۆمپانیاکان ژمارە 21ی ساڵی 1997.
– یاسای رێکخستنی بریکاری بازرگانیی ژمارە 79ی ساڵی 2017.
– یاسای بازرگانیی ژمارە 30ی ساڵی 1984.
-یاسای دەستەی گشتیی ناوچە ئازادەکان ژمارە 3ی ساڵی 1998 .
– یاسای وەبەرهێنان ژمارە 13ی ساڵی 2006 .
– یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی کەرتی تایبەت و تێکەڵاو ژمارە 20ی ساڵی 1998.
– یاسای گومرگ ژمارە 23ی ساڵی 1984 و چەند یاسایەکی پەیوەندیداری دیکە.