ئەنجومەنی باڵای ئابوریی هەرێم هێڵە گشتییەكانی ڕەشنووسی بودجەی ئەمساڵی تاووتوێكرد و سەرۆكی حكومەتیش دەڵێت، هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ لەپێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان.
ئەنجومەنی باڵای ئابوریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی کرا.
هەریەک لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیرانی دارایی و ئابوری و دارا ڕەشید، وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 خستەڕوو.
بە پێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە مەسرور بارزانی وتیوویەتی، “حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستوەتەگەڕ لەپێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی”.
جەختیشیكردووەتەوە، “پێویستە لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021، هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاوبگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجیی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت”.
سەرۆکی حکومەت دوپاتیشیكردەوە، هەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی فیدراڵییش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابینبکات.
بڕیارە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە ھێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی بودجەی ھەرێم، سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بخرێتەڕوو.