رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، هەزاران حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا تۆمارکراون و نزیکەی 160 کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، ”تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە 18 وڵاتدا تۆمارکراوە و دەرکەوتووە کە ژمارەی تووشبووان لە مانگی حوزەیران بەراورد بە مانگی ئایار بەرێژەی 14% کەمتر بووە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ”32 هەزار و 467 حاڵەتی نوێی تووشبوون لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تۆمارکراون و نزیکەی 30 هەزار و 500 حاڵەتی دیکەش لە چەند وڵاتێکی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تۆمارکراون، هاوکات بە گشتی ژمارەی تووشبوون بە کۆلێرا لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2024 لە 25 وڵاتدا تۆمارکراون و گەیشتووەتە 249 هەزار و 793 کەس”.
پێشتر و لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2023 رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرای بە باری نائاسایی ئاستی سێیەم راگەیاند کە هاوتایە لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە جیهاندا و نەبوونی ڤاکسین.
بەپێی ئامارێکی ئەو رێکخراوە، جیهان رووبەڕووی کەمیی ڤاکسینی کۆلێرا بووەتەوە، بەو پێیەی لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2023ەوە 17 وڵات داوای 102 ملیۆن ژەمیان کرد بوو، بەڵام لەو ماوەیە تاوەکو ئێستا تەنها 51 ملیۆن ژەم بەرهەم هێنراوە، هاوکات لە 8ی تەمموزی 2024 دا کۆگای ڤاکسینی کۆلێرا لە جیهاندا تەنها 7.5 ملیۆن ژەمی تێدابوو.