ئەو کۆمپانیایانەی لە دەرەوەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم هاوڵاتییانیان بردووە بۆ حەج سڕدەکرێن

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێم سەبارەت بەو کۆمپانیایانەی کە هاوڵاتییانیان بردووە بۆ حەج بەڤیزای ساڵی و گەشتیاریی چەند بڕیارێکی دەرکرد.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێم رایدەگەیەنێت، ”بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە بردنی هاوڵاتییانی هەرێم  بۆ وڵاتی سعودیە بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لەدەرەوەی وەزارەتمان، کە بووە هۆی مردن و بێسەروشوێن بوونی چەند هاوڵاتییەکمان، بەفەرمانی وەزاری ژمارە 117، لە 3ی حوزەیرانی 2024 لێژنەیەک بە بەشداریی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی پێکهێنرا”.

ئاماژە بەوەشکراوە، ”وەک یەکەم هەنگاو لیژنەکە بڕیاریدا، ئەو کۆمپانیایانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاریی و جۆرەکانی دیکە هاوڵاتییانیان بردووە بۆ سعودیە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتایی پێدێت، سڕدەکرێن و مافی بەشداریکردنیان لە گەشتەکانی عومرەدا نییە”.

دەشڵێت، ”ئەو کۆمپانیایانەی هیچ کێشەیەکیان نییە و لە رێگای وەزارەتمانەوە بەشێوەیەکی یاسایی هاوڵاتییانیان بردووە بۆ حەج، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە ئاگاداردەکرێنەوە کە لە گەشتەکانی عومرەدا بەشداردەبن دوای دەرچوونی رێنماییەکان لەو بەڕێوەبەرایەتییەوە”.

لە کۆتاییدا وەزارەتی ئەوقافی هەرێم دەڵێت، ”هەر هاوڵاتییەک سکاڵای لەسەر هەر کەس و کۆمپانیاییەک هەیە کە مافی زەوتکردووە و بە نایاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و زەرەرمەند بووە لە رێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەکانەوە، تاوەکو 10 رۆژی دیکە دەتوانێت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی و گرێبەستەکان سکاڵا تۆمار بکات”.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی: تاوانبارێك کە پێشتر سزادراوە ده‌ستگیركرا

بابەتی دواتر

وەزیری تەندروستیی هەرێم: کارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تەندروستی لە قۆناغەکانی کۆتاییدان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share