گەشكە چییە و چۆن چارەسەردەكرێت؟

گەشکە نەخۆشییەکی دەگمەن نییە، زیاتر لە پەنجا ملیۆن کەس لە جیهاندا توشبووی نەخۆشییەکەن.

گەشکە چییە؟
گەشکە نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەگوازراوەی مێشکە، کاردەکاتە سەر مێشک و دەبێتە هۆی نۆرەفێ. مێشکی هەموو کەس لەڕێی ناردنی ئاماژە کارەباییەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ جەستەیدا دروستدەکات و رێوشوێنی کارکردنی بۆ دادەنێت.

نۆرەفێ بەهۆی تێکچوونی چالاکیی کارەبایی مێشکەوە روودەدات، کە بەهۆیەوە گۆڕانکاری لە جوڵە، رەفتار، ئاگایی یان هەستی کەسەکەدا روودەدات.

چۆن تووشبوون بە گەشکە دەستنیشان دەکرێت؟
تووشبوون بە گەشکە دەستنیشان دەکرێت دوای ئەوەی کەسەکە لانیکەم دووجار توشی نۆرەفێی بێ هۆکار دەبێت و زیاتر لە چل جۆری جیاوازی نۆرەفێ هەیە.

رەنگە پزیشکی پسپۆڕی بوارەکە داوای پشکنینێکت لێبکات بۆ هەڵسەنگاندنی رێژەی چالاکیی مێشکت، ئەم پشکنینەش بریتییە لە هێڵکاریی مێشک یان پشکنەری مێشک، بۆ زانینی هەبوونی هەر کێشەیەک لە مێشکتدا، بەڵام ئەگەر ئەم پشکنینانەش پاک بوون، هێشتا ئەگەرێک هەیە کە تووشی گەشکە بووبیت، رەنگە لەم کاتەدا نیشانەکانت تووشبوونت بە نەخۆشییەکە دەستنیشان بکەن.

جوڵەی لەشی کەسێک لەکاتی نورەفێدا بەندە لەسەر جۆری نۆرەفێیەکە و ئەو ناوچەیەی مێشک کە کاری لێکراوە.

مەرج نییە هەموو ئەو کەسانەی نۆرەفێیان هەیە، بە تووشبووی گەشکە دابندرێن. لە ئوسترالیا نزیکەی لە 10%ی دانیشتووان لە ماوەی تەمەنیاندا تووشی نۆرەفێ دەبن، بەڵام کەمتر لەو رێژەیە بە تووشبووی گەشکە دەستنیشان دەکرێن.

نیشانەکانی نەخۆشیی گەشکە کامانەن؟

نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە بریتین لە:
• واقوڕمان
• لاوازی
• لەدەستدانی ئاگایی
• جوڵەی کتوپڕی ماسولکەکان و رەقبوونیان
• کێشەی هەناسەدان یان وەستان لە هەناسەدان
• بیرنەکەوتنەوەی تووشبوون بە حاڵەتەکە لەلایەن کەسەکەوە
• جوڵەی خۆنەویستانە
• حاڵەتەکە 10-20 چرکە بخایەنێت
• کەوتن بە زەویدا بەبێ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو
• چاو تروکاندن یان باوێشکی یەک لەدوای یەک بەبێ هۆکار

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ کەسێک کە تووشی گەشکە ببێت:
• ئارامبە و لەگەڵ توشبووەکەدا بمێنەرەوە تا بەتەواوی هۆشی دێتەوە
• مەیجوڵێنە، هەر شتێکی لێدووربخەرەوە کە دەکرێت زیانی پێبگەیەنێت
• هیچ خواردن و خواردنەوەیەکی پێمەدە
• کات رابگرە لە سەرەتای دەستپێکردنی نۆرەفێیەکە تا کۆتایی هاتنی، رێگەبدە نۆرەفێیەکە خۆی تەواوببێت
• هەوڵ مەدە جوڵەکانی بوەستێنیت و دەست و قاچی مەگرە
• دوای ئەوەی بەتەواوی هۆشی هاتەوە لە شوێنێکی سەلامەتدا دایبنێ
• هەرچییەکی بەسەردا هاتووە و چی روویداوە هەمووی تۆماربکە یان بینووسە

پەیوەندی بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەوە بکە ئەگەر:
• کەسەکە هەرگیز نۆرەفێی نەبووبێت
• نەتوانێت هەناسە بدات یان دەوروبەری لێوی شین بوبێتەوە
• گەشکەکە زیاتر لە پێنج خولەک بخایەنێت
• دوای تەواوبوونی نۆرەفێیەکە هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبێت
• یاخود لەکاتی نورەفێیەکەدا برینداربووبێت

چۆن چارەسەری گەشکە دەکرێت؟
نزیکەی لە 70%ی ئەو کەسانەی تووشبووی گەشکەن لەڕێی خواردنی دەرمانەکانی دژە گەشکە دەتوانن جڵەوی ئەو نۆرەفێیانە بکەن کە تووشیان دەبێت. ئەو لە 30%ی تووشبووان کە دەمێننەوە، گەشکەکەیان بە “جڵەونەکراو” یان “بەرهەڵستکاری دەرمان” دادەنرێت، لەمکاتەدا رەنگە چارەسەری بەدیل پێشنیازبکرێت بۆ کەمکردنەوەی چالاکیی نۆرەفێ، وەک نەشتەرگەریی دەمار یان چاندنی هاندانی دەماریی ڤەیگەس.

ئا: شارا

بابەتی پێشتر

گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی مامۆستاكەی دەربەندیخان بەردەوامە

بابەتی دواتر

وەزارەتی کاری عێراق: زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی سوودمەند بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share