ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكراكرا

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و 6 خەرج بکات، هەروەها شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆبووەوە، لە بڕگەی یەكەمیدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە 2024/7/1 لە بەغداد ئەنجامدرا خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەكەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی راسپارد بۆ رێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە.

لە بڕگەیەكی دیكەدا، ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد و دەڵێت، بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵی تائێستا مووچەی مانگی 5 و 6ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کراوە.

هەروەها دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێکرا و جەخت لە بەردەوامیی ئاسانکاریی وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی وردبینی کرایەوە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی رێکارە داراییەکان و رێکارەکانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ کرا بە رەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەسەری راستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵە، لەم رووەوە، دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت.

داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات “هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و 6 خەرج بکات. هەروەها داوادەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تائێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024یشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازوویی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان، بە شێوەیەکی روون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە”.

بابەتی پێشتر

زیاتر لە 10 گەڕەکی هەولێر بێ ئاو دەبن

بابەتی دواتر

بازرگانیی عێراق: زیادكردنی پشكی وەرگیراوی هەرێم بووەتەهۆی خۆبژێوی لە گەنمدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەخۆشخانەی شار فراوان دەکرێت

بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شار رایگەیاند، بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار فراوان دەکرێت و 20 قەرەوێڵەی نەخۆش زیادەکرێت. ئومێد هیدایەت…
Total
0
Share