راگەیەندراوی کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدێکی باڵای یاوەری.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی و کاری هاوبەش کرایەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و دیالۆگی جدیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بەئامانجی چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکرایەوە بەشێوەیەک دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە رەچاوبکرێت.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، خواستی یەکێتیشی بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان دووپاتکردەوە بەشێوەیەک لەخزمەت بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بێت.

لای خۆیەوە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسگوزاریی گەل و وڵاتەکەی بە سەرۆکی یەکێتیی و هەرێمی کوردستان گەیاند لەبەرامبەر هاوخەمی و بەشدارییان لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی.

هاوکات، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامیی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، جگە لەوەی رۆڵ و کاریگەریی یەکێتیی لەناوچەکە بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەکرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رێزەوە لە رۆڵی سەرۆک مام جەلال دەڕوانێت لە بونیادنانی عێراقی نوێ و پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە ئێمە پابەندین پێوەی، بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگییەکانی نێوانیشمان لەبوارە جیاوازەکاندا فاکتەرە بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە.

بابەتی پێشتر

لەسەر گەندەڵی سکاڵا دژی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک لە دەستەی دەستپاکی تۆمارکرا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداریی دەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share